لەماوەی 5 مانگدا لە رۆژھەڵاتی كوردستان 53 كۆڵبەر كوژراون

K24 - ھەولێر

ناوەندی چالاكوانانی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، لە پێنج مانگی رابردوودا لە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان 53 كۆڵبەری كورد بە تەقەی راستەخۆی ھێزە ئەمنییەكانی سوپای پاسداران كوژراون.

ھاوكات ئەو ناوەندە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ئێستا ھیچ ناوەندێكی دادوەری ئێران باسی ئەو ئامارانەی نەکردووە. ئەو ناوەندە ئاشكراشیكرد، بەشێكی زۆر لەو كۆڵبەرانەی لە سنوورەكان دەكوژرێن ناویان تۆمار ناكرێت و ئامارەكە زۆر لەو ژمارەیە زیاترە.

ئەوەش روونكراوەتەوە، زۆربەی ئەو كۆڵبەرانە خەڵكی شارەكانی مەریوان، سەردەشت، شنۆ، بانە و پیرانشار و نۆسوودن.

ئەمە لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردووش كۆڵبەرێكی باشووری كوردستان لە خاكی باشووردا لە لایەن ھێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە تەقەی راستەخۆ كوژرا.