قوربانیانی کەرتی غەززە لە 31 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە 31 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە و بەهۆی بڵابوونەوەی برسێتیش هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی لە غەززە دەدرێت و پێشبینی دەکەن، مردن بەهۆی برسێتییەوە هێندەی دیکە ئاماری قوربانییەکان بەرز بکاتەوە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە دوا ئاماری قوربانیانی شەڕی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 30 هەزار و 960 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان ئافرەتان و منداڵانن.

هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری داهاتوودا 82 کەس بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە.

لە بارەی ئاماری بریندارانیش رایگەیاندووە، لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکوو ئێستا 72 هەزار و 524 کەس برینداربوون.

شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە 155مین رۆژو لەگەڵ بێ ئەنجامبوونی هەوڵەکانی ئاگربەستی کاتی بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە، هۆشداری لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە دەدرێت بەهۆی قەیرانی خۆراک و رووبەڕووبوونەوەی برسێتییەکی دژوار، بۆ ئەمەش هۆشداری کارەساتێکی دیکەی مرۆیی دەدرێت.

رێکخراوی ئۆپن ئارمز لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکی پڕ لە هاوکاریی مرۆییان ئامادەکردووە، کە چەندین تۆن خۆراک، ئاوی پاک و پێداویستی دیکەی تێدایە و لە قوبرسەوە بەرەو کەرتی غەززەی بەڕێ دەکەن.

پێشتر سەرچاوەیەکی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاندبوو، نزیکەی 16 منداڵی نەبەکام لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەهۆی کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان گیانیان لە دەستداوە.

هەروەها سێ منداڵی دیکەش بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوەو بەمەش ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کەرتی غەززە تاوەکوو ئێستا لە برسان گیان لەدەستداوە گەیشتە 23 منداڵ، کە زۆربەیان تەمەنیان لە ژێر 15 ساڵانە و یەکێکیش لە قوربانییەکان پیاوێکی 72 ساڵەیە.