13ی ئەم مانگە تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانێتیی و کاندیدە سەربەخۆکان دەستپێدەکات
تەنیا 29 کاندیدی سەربەخۆ و حەوت کاندیدی پارتە سیاسییەکان فۆڕمیان وەرگرتووە

K24 - هەولێر
فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی هۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی هەولێر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دابەشکردنی 100 کورسییەکەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم ئاشکراکرد و راشیگەیاند، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 29 کەس فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆبوو و بە حەوت کەسیش فۆڕمی کاندیدی پارتییە سیاسییەکانیان وەرگرتووە.
بەرپرسەکەی لقی هەولێری کۆمسیۆن راشیگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەی بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە، هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە تەنیا 3 کورسی دەبێت.
دەربارەی رەسمی بەشداریکردن لە خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن، فەرهاد ئەسعەد راگەیاند، بۆ کاندیدە سەربەخۆکان تەنیا یەک ملیۆن دینارە، بەڵام بۆ کاندیدانی پارت و هێزە سیاسییەکان، هەر یەکێک پێنج ملیۆن دینارە، رەسمی بەشداریکردن بۆ هاوپەیمانێتییەکانیش 10 ملیۆن دینارە، هەروەها پێویستە کاندید لە رۆژی دەنگدانی تایبەت 25 ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت.
گوتیشی: بۆ ئەم خوولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، مافی خۆ کاندیدکردنیان نابێت.
هەروەها ئاشکرایکرد رۆژی دووشەممە (11ی ئاداری 2024) نووسینگەی نیشتمانیی لەگەڵ رێپێدراوانی هەر 39 حزبەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، کە نوێنەری فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان و نوێنەری پارێزگاکانی بەشداری کۆبوونەوەکەن دەبن، بە مەبەستی راهێنانیان لە سەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی .2024
هەروەها ئاماژەیدا، 14ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدانی سەربەخۆ یان هێزە سیاسییەکان و یاخود کاندیدی هاوپەیمانەکان، هەروەها لە 13ی ئەم مانگەوە تاوەکوو 22ی ئەم مانگە دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان. گوتیشی؛ دەبێت کاندیدەکان بەربەستە یاساییەکانی کۆمیسیۆن تێپەڕێنن بۆ ئەوەی کاندیدبوونیان پەسەند بکرێت، لە نێویاندا پاکانەی دەستەی دەستپاکی، بۆ ئەمەش دەبێت هەر کاندیدێکی سەربەخۆ یان هێزی سیاسیی و هاوپەیمانێتی دەبێت پاکانەی خۆی بە کۆمسیۆن بدات، بە هەمانشێوە دەبێت کاندیدەکان پێشینەی تاوان و یاساییان نەبێت.
دەربارەی ئەوەی تا ئێستا چەند کاندید لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی خۆیان تۆمارکردووە، فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی هۆبەی پارتە سیاسییەکان لە لقی هەولێر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەیدا، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 29 کەس هاتوون فۆڕمی کاندیدی سەربەخۆبوونیان وەرگرتووە و بە هەمانشێوەش حەوت کاندیدی پارتییە سیاسییە سەردانی نووسیگەی هەولێری کۆمیسیۆنیان کردووە، بەڵام هیچ کەسێک سەردانی کۆمیسیۆنی نەکردووە بۆ پڕکردنەوەی کاندیدی هاوپەیمانێتی.