یەکێک لە بریندارەکانی پاسەوانی سنوور گیانی لە دەستدا
ژمارەی گیان لەدەستدانی ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە تەقینەوەی مین بوو بە سێ کەس
K24 – هەولێر
فەرماندەیی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (10ی ئاداری 2024) بەهۆی تەقینەوەی مین، دوو ئەندامی هێزەکانیان دەستبەجێ گیانیان لە دەستداوە و دواتر یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بریندارێکیش تەندروستی ناجێگیرە.
فەرماندەییەکە روونیکردووەتەوە، دوو ئەندامی هێزەکانی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور، لە کاتی پووچەڵکردنەوەی چەند مینێکی سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران، چەند مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامیان گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بەسەختی برینداربوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24ی کەوتوون، یەکێک لە بریندارەکانی تەقینەوەی مینەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و دۆخی بریندارەکەی دیکەش ناجێگیرە.
رووداوی تەقینەوەی مینەکان لە نێو بارەگای فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە هەولێر بووەو ئەو مینانەی تەقیونەتەوە پێشتر لە کێڵگە مینەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دوای پاککردنەوەی کێڵگەکان کۆکراونەتەوە و بۆ ئەوەی پووچەڵبکرێنەوە هێنراونەتەوە بارەگای سەرەکی فەرماندەییەکە بۆ ئەوەی دواتر لەناوببرێن.