ئۆپهراسیۆنی پێشمهرگه به رزگاركردنهوهی 12 گوند كۆتایی پێهات
K24 - ههولێر:
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی گوندەكانی گوێڕ خازر بە كۆتا ھات و هێزهكانی پێشمەرگە لەم دوو رۆژەدا توانییان 12 گوند رزگار بكەن و زیاتر لە 130 چەكداری داعش بكوژن و چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراویش بتەقێننەوە.
فەرماندەكانی پێشمەرگەش دڵنیایی دەدەن لەوەی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەم میحوەرانە پارێزراون و جارێكی دیكەش رێگە نادرێت داعش بگهڕێتهوه ئەم ناوچانە.
لە دووەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی گوندەكانی گوێڕو خازر پێشمەرگە 12 گوندی لە دەست داعش دەرھێناون، ھەرچەندە لەو گوندانە داعش بە نیشانشكێنەكانییەوە خۆی گرتبوو، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە توانیی گوندەكان لە تەواوی چەكدار و نیشانشكێنەكان پاك بكاتەوە.
فەرماندەكانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتوو بووە، ئەو پلانەی بە سەرپەرشتى مەسعوود بارزانی، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی كوردستان داندرابوو، بە تەواوی جێبەجێكراوە.
تۆڕی پەیامنێرانی كوردستان 24، شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوە رووماڵی سەركەوتنەكان دەكەن، ئهمڕۆ رێگهی نێوان گوێر و موسڵ به یهكجاری كۆنترۆڵكراوه و لهژێر دهسهڵاتی هێزی پێشمهرگه دایه،
بەو پێیە تا ئیستا 150 كیلۆمهتری چوارگۆشه له ههردوو میحوهری خازر و گوێر رزگاركراوه، كه تهنیا له میحوهری گوێر 20 كیلۆمهتر پێشرهوییهكانی كردووه.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا فرۆكەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام ھاوكاری پێشمەرگەیان كردووە لە تێكشكاندنی داعش، ھەرچەندە فەرماندەكانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكەن كە داعش بە تەواوی تێكشكاوە لەو گوندانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوە ناوە ھەوڵیانداوە بە ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو وەڵامی پێشمەرگە بدەنەوە، بەڵام لەو دوو رۆژەدا زیاتر له 10 ئۆتۆمبێلی بۆمبهكراوی داعشیان لەلایەن پێشمەرگە تەقێندراونەتەوە و دهست بهسهر چهندین چهك و كهرهستهی سهربازی داعشدا گیراوە.
باسیش لەوە دەكرێت كە لەو دوو رۆژەدا زیاتر لە 130 چەكداری داعش كوژراون.