زانیاری نوێ له بارهی گرووپه "تیرۆریستییهكهی" سهنگاو
هێزه ئهمنییهكان بۆ كوردستان 24 ئامانجی ئهو گرووپه ئاشكرا دهكهن
K24 - ههولێر:
لەناوچەی سەنگاو ئۆپەراسیۆنێك بۆ دەستگیرکردنی گروپێکی تیرۆریستی سەر بە داعش, لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی شارۆچکەی چەمچەماڵەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئەو گرووپە کە لەدوو کەس پێکھاتبوون, ئامادەنەبوون خۆیان ڕادەستی ھێزە ئەمنیيەکان بکەن و یەکێکیان خۆی تەقاندەوە.
بەوتەی قائیمقامی شارۆچکهكه, لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە چوار کارمەندی ئاسایش برینداربوون، بەرپرسانی سنووری ئەو شارۆچکەیە دەڵێن؛ ئەو گرووپە مەترسیداربوونە و بهنیازبوونهوه كردهوهی تیرۆریستی له پارێزگای سلێمانی ئهنجامبدهن.
ئەو دوو چەکدارەی داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێ بوو, بەنیازبوون بەسەر ڕێگای سەنگاو_ دێ لێژە دا بەرەو شاری سلێمانی بڕۆن و کردەوەی تیرۆریستی لەو شارە ئەنجامبدەن، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان ناچاریان کرد کە لەسەر ئەم شەقامە خۆیان بتەقێننەوە و نەگەنە ئامانجەکەیان.
بەتەنیشت زنجیرە چیاکانی دێی لێژەوە ئەم گوندە ھەیە کە ناوی (ژاڵای دەربەندە)، خەڵکی ئێرە دەڵێن؛ ئێمە دەمێکە ھەستمان بەجموجۆڵی ئەو گروپە کردبوو، بۆیە دەزگا ئەمنییەکانمان لێ ئاگادارکردبووە و ھێزە ئەمنییەکانیش ناوچەکەیان بەتەواوی خستبووه ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
بەرپرسانی ئەمنیش ئامادەنەبوون ھیچ ڕوونکردنەوەیەك بدەن و تەنھا ئەوەندەیان وت: "یەکێک لەو دوو کەسەی کە ناچارکرا خۆی بتەقێنێتەوە پلەی ئەمیری ھەبوو لەنێو داعش و کاری ئەوەبووە کە شانهی نووستوو بۆ ئەو ڕێکخراوە دروست بکات لە ھەرێمی کوردستان, بەڵام شکست بەھەوڵەکانییان ھێنرا".
قایمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵیش، دەڵێت؛ داعش پاش ئەوەی گەیشتە ئەو راستییەی کە ناتوانێ ڕووبەڕووی پێشمەرگەکان ببێتەوە لە سەنگەرەکان دەیەوێت لە ڕێگای ئەم ھەوڵە شکستخواردووانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دروست بکات.
سهنگاو دهكهوێته باشووری رۆژههڵاتی شارۆچكهی چهمچهماڵ و نزیكهی 70 كیلۆمهتریش له پارێزگای سلێمانی دووره.
