ئەمەریکا.. لە پانێڵێکدا باس لە خەبات و مێژووی کورد کرا

بەڕێوەچوونی پانێڵێک لەسەر مێژووی کورد لە زانکۆی جۆرج تاونی ئەمەریکا
بەڕێوەچوونی پانێڵێک لەسەر مێژووی کورد لە زانکۆی جۆرج تاونی ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن دی سی، پانێڵێک بۆ نوێنەری حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو، لە پانێڵەکە باس لە خەبات و مێژوو، هەروەها دۆخی ئێستای بەشەکانی کوردستان کرا.

نوێنەری هەر چوار پارچەی کوردستان، پانێڵێکی زانکۆی جیۆرج تاون لە واشنتن دی سی کۆی کردوونەوە، هەر یەکەیان باسان لە مێژووی خەبات و دۆخی ئێستای ئەو بەشەی کوردستان کرد کە نوێنەرایەتیی دەکەن.

دەیڤد فلیپ، بەڕێوەبەری پانێڵ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە چالاکییەکی گرنگە، چونکە یەکەمجارە لە زانکۆی جۆرج تاون سێمینارێک لەبارەی کورد بەڕێوەدەچێت کە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆدەکاتەوە و باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکدی دەکەن و چۆن بتوانن هاوکاری یەکدی بکەن، کوردەکان دڵسۆزن ئەوان هاوپەیمانیی ئەمەریکان و بەشداریان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووە، هەروەها ئەوان نموونەی دیموکراسیین".

زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نوێنەرایەتیان لە ئەمەریکا هەیە، بەڵام هەر یەکەیان بە جیا کاردەکەن و تائێستا نەیان توانیوە لەژێر چەترێکدا پێکەوە کاربکەن.

لەلایەن خۆیەوە ئارەش ساڵح، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران لە ئەمەریکا بە کوردستان24ـی گوت، ئەم پانێڵە ئەمە پیشانی لایەنە سیاسییەکانی ئەمەریکا دەکات، کە کورد فاکتەرێکی جیاوازە لە وڵاتەکانیان، دەتوانن پێکەوە کاربکەن و دەتوانن رۆڵ بگێڕن لە پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە و بەسەر چوار وڵات دابەشکراون، خەباتی بەردەوامیان بۆ بەدیهێانی خەونە لەمێژینەکەیان وای کردووە لە ئاستی جیهان بناسرێن.

گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە ناوەندەکانی تینک تانک لە ئەمەریکا سەرنجێکی زیاتر بخەنە سەر کورد، کە دەکرێت رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە بگێڕن ئەگەر بێت و پاڵپشتی و پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایان هەبێت.