ئەمەریکا توانا سەربازییەکانی لە جەمسەری باکوور پەرەپێدەدات

جەمسەری باکوور
جەمسەری باکوور

K24 - هەولێر

پێگەیەکی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەمەریکا هەوڵدەدات توانا سەربازییەکانی لە ناوچەی جەمسەری باکوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا و چین بگەڕێنێتەوە.

پێگەی هەواڵی Business Insider رایگەیاند، ئەمەریکا دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت و دواتر فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاخیبووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوپاکەی سەرقاڵ کرد، بەو هۆیەوە هێزەکەی لە جەمسەری باکوور تێکچوو، ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا هەوڵدەدەن جارێکی دیکە لە جەمسەری باکوور شکۆ بۆ سوپا بگەڕێننەوە، کە ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی "گەشەسەندنی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە چالاکییەکانی رووسیا و چین، کە دەیانەوێت دەستڕاگەیشتنیان بە جەمسەری باکوور فراوان بکەن."

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە، ئەمەریکا جارێکی دیکە دەستیکردووە بە وەبەرهێنان لە دروستکردنی هێزێک کە توانای بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکاندا هەبێت لە هەلومەرجی سارددا، هەروەها بە ئامانجی زیادکردنی سوپا لەو جەمسەرە بۆ ئەوەی رێگری لە ململانێکان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا مانۆڕە سەربازییەکان لە ئەلاسکا ئەنجامدراون ماوەی دوو هەفتەی خایاندووە، تێیدا هەشت هەزار سەرباز لە فیرقەی 11ـی ئاسمانی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا بەشدارییان کردووە.

پێشتر کەناڵی nbc لە زاری ئێریک لیڤسکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای زانیاری و شیکاری Strider Intelligence رایگەیاند، ئەگەری زۆرە رووسیا 10 ساڵ یان زیاتر لە پێش ئەمەریکاوە بێت لە پەرەپێدانی جەمسەری باکوور.

Fly Erbil Advertisment