رووسەکان سبەی سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن

K24 - هەولێر
بڕیارە سبەی هەینی (15ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا بەڕێوەبچێت و پرۆسەکە بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، چوار کاندید کێبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، کە یەکێکیان ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئێستای ئەو رووسیایە.
لە سەرانسەری رووسیا 112 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دەرەوەی وڵاتەکەش ملیۆنێک و 900 هەزار کەسی مافی دەنگدان و بەشداریان لەو هەڵبژاردنە هەیە، لەو چوارچێوەیەدا وەک دەنگدانی دەرەوەی وڵاتەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەربازە رووسییەکانی بنکەی حمێمیم لە سووریا دەنگیاندا و بەشداری پرۆسەکەیان کرد.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی رووسیا لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیاش بەڕێوەدەچێت، کە بە رووسیاوە لكێنراون، هەر کاندیدێک بۆ بوون بە سەرۆکی رووسیا دەبێت زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بە دەست بێنێت، ئەگەر هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیانتوانی ئەو بەر بەستە یاساییە تێپەڕێنن، ئەوا دوای سێ هەفتە لە بەڕێوەچوونی دەنگدان، پرۆسەکە دەچێتە گەڕی دووەم، واتە 7ی نیسان جارێکی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی پێشوەختە لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی رووسیا، پێشبینیکراوە %70 دەنگدەرانی رووس بەشداری پرۆسەکە بکەن و لە نێو چوار کاندیدەکەدا ڤلادیمێر پوتن زیاتر لە %80 لە دەنگەکان مسۆگەر بکات، هەروەها هەر یەک لە نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی و ڤلادیسلاڤ داناڤانکۆڤ کاندیدی پارتی خەڵکی نوێ %6 دەنگەکان و کاندیدی پارتی لیبرالی دیموکرات، لیۆنید سلۆتسکی رێژەی %5 بەدەست بێنن.
ڤلادیمیر پوتن لە ساڵی 2000 ـەوە تاوەکوو ئێستا 20 ساڵە سەرۆکی رووسیایە و لە دوای جۆسێف ستالینەوە، لە مێژووی رووسیا و یەکێتی سۆڤییەت درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەبووە.
پوتن لەم خوولەی هەڵبژاردن چاوی لە بردنەوەو مانەوەیە لە پۆستەکەیدا، چونکە لەگەڵ ئۆکرانیا لە جەنگە و لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاش لە ململانێیەکی توند دایەو هەوڵدەدات ئەو جەنگ و ململانێیەی دەستی پێکردووە، تەواوی بکات.