نەجمەدین عومەر: مەبەستمانە ساڵی داهاتوو هەزاران تۆن هەنار هەناردە بکەین

K24- هەولێر

بەڕێوەبەری باخداری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە هەناردەی کەنداو کرا و پێشوازییەکی باشی لێ کراوە، هەروەها ئێمە لەو هەنارەدا زۆر کەم دەرمان و ئەو شتانەی زیانیان بۆ مرۆڤ هەیە بەکار دەهێنین.

نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری باخداری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئێمە خاوەنی دەشتی شارەزوور و چیاکانی هەورامان و بنارەکانی شنروێ و باڵانبۆین، کە هێلێکی گەیشتن بووە لە نێوان هەناردەکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان، ساڵانی پێشوو ئەوەی میوانەی کە وشک دەکرانەوە بە بارهەڵگر رەوانەی بەغدا دەکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە هەناردەی کەنداو کرا و پێشوازییەکی باشی لێ کراوە، هەروەها ئێمە لەو هەنارەدا زۆر کەم دەرمان و ئەو شتانەی زیانیان بۆ مرۆڤ هەیە بەکار دەهێنین.

دەشڵێت: لەگەڵ هەناردەکردنی هەنار، خولێکی رێنمایی بۆ 300 جووتیاری ناوچەکە کراوە، کە ئەمەش ئامادەکارییەکە بۆ ساڵی داهاتوو، مەبەستمانە ساڵی داهاتوو هەزاران تۆن هەنار هەناردە بکەین، کە ئێستا ساڵانە سی و دوو هەزار تۆن بەرهەممان هەبووە و هەر لە زیاد بوونیش دایە، چونکە رووبەری داچێنراوی هەنار لە دە هەزار و شەش سەد دۆنم تێپەڕیووە.

راشیگەیاند، زەوییەکانی شارەزوور بەپیتن بۆ بەرهەمهێنانی پەمۆ، گولەبەڕۆژە و پەتاتە، ئەبێت ئاوڕێک لەو بەرهەمانەش بدرێتەوە، وەکو چۆن پارساڵ گەنم بەبازاڕ کرا ئەبێت ئەم بەرهەمانەش بەبازاڕ بکرێن، هەروەها ئەبێت ئاوڕ لە سامانی ئاژەڵی بدەینەوە چونکە ئەو ناوچەیە لەوەڕێکی باشی لێیە.