ئەمریکا بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، واشنتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر دەکات و، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقدا دەمێنێتەوە.

پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی ماڵپەڕی کوردستان24ـدا، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لە بارەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ عێراق و گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، واشنتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر لە عێراقدا دەکات، کە هەمیشە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقدا دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە پابەندبوونی درێژخایەنی واشنتن بە ئاییندەی عێراقەوە کرد و رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە هاوبەشەکانی لە سەرتاسەری عێراقدا؛ ئەو هاوبەشانەی کە کار بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی خاوەن سەروەریی راستەقینە، سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن.

هاوکات گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: ئێمە هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەین بە خێرایی و بە شێوازێکی بونیاتنەرانە کار لەسەر ئەو پرسانە بکەن کە دەبنە مایەی بەهێزکردن و پتەوکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا، بە شێوەیەک کە عێراق بتوانێت وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو و جێی متمانە بۆ  ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە رۆڵ بگێڕێت.