شەش ساڵ بە سەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت

دەروازی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان
دەروازی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان

K24 – هەولێر

شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین لە لایەن سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکانیدا تێدەپەڕێت، تا وەکوو ئێستا شاڵاوی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بەردەوامە و چارەنووسی زیاتر لە 2000 کوڕ و کچی کوردیش نادیارە.

شەش ساڵ لەمەبەر و لە (20ی ئاداری 2018) دوای 58 ڕۆژ لە شەڕو پێکدادان، سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکانی شاری عەفرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوندەکانی دەوروبەریان داگیرکرد.

سەرەتای هێرشەکانی سەر عەفرین

سوپای تورکیا لە (20ی کانوونی دووەمی 2018) تۆپبارانی ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی ڕاجۆ، شیێ، بلبلێ، شەرا، جندرێسی دەوروبەری کرد، ئامانجی تۆپبارانەکەش ڕێگەخۆشکردن بوو بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر عەفرین دەست پێ بکەن.

لەو هێرشانەدا خانووی هاووڵاتییانی سڤیل، قوتابخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان و ژێرخانی عەفرین  وێران کران.

بە هۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هاووڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 700 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 350,000  هاووڵاتیی لە زێدی خۆیان دەرکران، بەشێکی زۆریان لە گوندەکانی نێوان عەفرین و حەلەب نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بوونە پەنابەر.

داگیرکردنی عەفرین

دوای 58 ڕۆژ لە شەڕ، سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکان لە (18ی ئاداری 2018) چوونە نێو شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، لەو کاتەوە ماڵ و دووکان و شوێنی کارکردنی هاووڵاتییانی کورد تاڵان کران.

هەروەها بەگوێرەی ئامار و زانیاریی چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 8500 کوڕ و کچی کورد لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە لە پێناو وەرگرتنی سەرانە لە خێزانەکانیان ڕفێندروان، لە نێویشیاندا چارەنووسی زیاتر لە 2000 هاووڵاتی تا وەکوو ئێستا نادیارە.

گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین

دوای دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە زێدی خۆیان، هەزاران  عەرەبی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە عەفرین لە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کوردەکان نیشتەجێ کران، لەو کاتەوە دیموگرافیای عەفرین لە گۆڕیندایە. جیا لەوەی سەدان هەزار دار زەیتوون بڕدران و لە نێو بران، هەزاران دار زەیتوونی تر و داری بەری دیکە هەڵکەندراون و بەرەو ناوچەی دیکە بردراون.

لە دوای داگیرکردنی عەفرین تا وەکوو ئێستا زۆرینەی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵکەندراون پارچەکانیان دزراوە.

بەگوێرەی زانیاریی چالاکوانان بواری شوێنەوارناس، پارچە شوێنەوارییەکانی گردی جندرێس، قەڵای نەبی هۆری، قەڵای سەمان و ئەشکەوتی دوو دەری دزراون لەلایەن گرووپە میلیشیاکان دزراون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکان زیاتر لە 50 شوێنەواری مێژوویی و مەزارگە ئاینییەکانیان هەڵکەندووە و زیاتر لە 20،000 پارچە کەلوپەلی شوێنەواریان گواستویاننەوە بۆ تورکیا.

لە عەفرین چەندین شوێنی مێژوویی هەیە، جگە لە قەڵای هۆری، قەڵای سامان، ئەشکەوتی دودری، کەنیسەی مارمارۆن و دەیان شوێنی دیکە نزیکەی 25 گردی مێژووییان هەیە، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووباری عەفرین ڕیزکراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بۆ 2000 ساڵ بەر لە زایین.