تاران تۆمەتەکانی ئەوروپا سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران لە یەمەن رەت دەکاتەوە

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتەکانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپای سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران لە دۆخی یەمەن رەت کردەوە و رایگەیاند، ئەوروپا بە بەشداریکەنی لە گەمارۆدانی ئابووریی یەمەن، پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە لەو وڵاتە و ئەوان هۆکاری ئەو تاوانانەن کە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.

پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ئەو لێدوانانەی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپای رەت کردەوە تێیدا باسی لە دەستوەردانی ئێران لە پێکدادانەکانی نێوان سعوودیە و یەمەن کردبوو. بەقایی جەختیکردەوە، بەرپرسانی ئەوروپی ناتوانن بە لێدوانە ناڕاست و چەواشەکارییەکانیان، خۆیان لە بەرپرسیارێتی رزگار بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو بانگەشە و تۆمەتانەی سەبارەت بە بوونی راوێژکار و شارەزای سەربازیی ئێران لە یەمەن بڵاوکراونەتەوە، رەت کردەوە و رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستانە بە ئامانجی پەردەپۆشکردنی راستییەکان و لاڕێدابردنی رای گشتییە. بەقایی رایگەیاند، گەلی یەمەن سەلماندوویانە کە خاوەنی توانا، ئەزموون، بوێری و ئیرادەی پێویستن بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانی و کەرامەتی مرۆیی خۆیان و لەم رێگەیەوە هیچ پێویستییەکیان بە دەستوەردانی هیچ لایەنێک نییە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەقایی سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی یەمەنی کرد، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان، ژێرخانە گرنگەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەو هێرشانەی بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 270 کەس لە هاووڵاتییانی یەمەن، لەوانەش 130 منداڵ و ژن، هەروەها برینداربوونی زیاتر لە 650 کەسی دیکە و وێرانکردنی ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە.