عێراق.. بەهۆی ناکۆکییەکان لە 2007ـەوە یاسای نەوت و گاز پەسەند نەکراوە

K24 - هەولێر
بەهۆی ناکۆکی نێوان حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بەسەر جومگەی حووکمڕانی عێراق، تاوەکو ئێستا یاسای نەوت و گاز پەسەند نەکراوە.
یاسای نەوت و گاز، گرێکوێرە و بەربەستی بەردەم چارەسەربوونی زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە ساڵی 2007ــەوە رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە عێراق مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بەسەر جومگەی حووکمڕانی عێراق، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە، پەنجەی تۆمەتەکانیش بۆ دادگای فیدڕاڵی ئاراستە دەکرێن کە بووە بە داردەستی ئەو پێکهاتەیە.
لەمیانەی بەشداری کردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24، ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە 15ـی شوباتی 2022 کە لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەریکرد و هەڵیوەشاندەوە، بڕیارێکی تەواو نادەستووری بووە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا نووری مالیكی، سهرۆكی هاوپهیمانی دهوڵهتی یاسا لهبارهی پهیوهندیی و كێشهكانی ههولێر و بهغدا تایبهت نهوت و گاز و مووچه رایگهیاند، له ساڵی 2007ـەوە پڕۆژهیاسای نهوت و گازیان رهوانهی پهرلهمان كردووه، بهڵام تا ئێستا ههر له سهر ڕهفهكانی پهرلهمان ماوهتهوه.
د. بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگای مێدیتریاناش دەڵێت، مافی کوردە کە کاری وەبەرهێنان و هاوردەکردنی لەدەست خۆیدا بێت.
ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندان جار ڕێککەوتن، بەڵام هیچ کات ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکراون.
دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، حکوومەت هەنگاوی بەرەو چارەکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی ڕەنگی دایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەکردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور، لەگەڵ بەغدا کردەوە.