مەسرور بارزانی: پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ناکات
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا".
لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە "ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنین کە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی کوردستاندا بێت و دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی".
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە "هەنگاونان بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆری و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ناکات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، خواستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە".