ئاری هەرسین: دادگای بە ناو فیدراڵیی عێراق نە فیدراڵییە نە دەستوورییە بەڵکو دادگایەکی کارتۆنییە

K24 - هەولێر
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دادگای بە ناو فیدراڵیی عێراق نە فیدراڵییە نە دەستوورییە، دادگایەکی کارتۆنییە کە دروستکراوە بۆ مەرامی سیاسی هەندێک لایەن کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە لە کاتی گونجاودا بڕیار دەدات. رەنگە لەناو هەندێک کەس و هەڤاڵدا بگوترێ دەبوو زووتر ئەم بڕیارە بدرایە، هەر وەکو سەرۆک بارزانی چەندان ساڵ بەر لە ئێستا زەنگی مەترسییەکەی لێدا کە ئاراستەی سیاسەت لە عێراقدا بەرەو دیکتاتۆریی و تاک لایەنە دەچێت، بەڵام بەداخەوە کەس گوێی لێ نەگرت.
بەگوتەی ئەو: "بڕیارەکەی پارتی لە کاتی خۆیدایە، ئێمەش وەکو کادر و لایەنگرانی پارتی بێگومان 100% لەپشت ئەم بڕیارە وەستاوین و بڕیارێکی گشتیی حزبی ئێمەیە و وەکو خۆی جێبەجێی دەکەین".
ئاری هەرسین دەشڵێت: "ئەو دادگایەی بەناو فیدراڵی عێراق، نە فیدراڵییە نە دەستوورییە، دادگایەکی کارتۆنییە کە دروستکراوە بۆ مەرامی سیاسیی هەندێک لایەن کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەو نووسراوانەی کە بۆیان دەنووسن دەقا و دەق وەکو تووتی دەیڵێنەوە، دادگا دانەنیشتووە گفتووگۆی لەسەر بکات و سەیری بەندەکانی دەستوور بکات، و بەرنامەی سیاسیی فیدراڵیی عێراق لەبەرچاو بگرێت، هەرچییەکیان بۆ نووسیوە بێ ئەوەی دادگای فیدراڵسەیری کردبێت، دەیخوێنێتەوە".
راشیگەیاند، قورسە مرۆڤ ئەو دادگایە وەکو دادگایەکی سەقامگیر و سەنگینی فیدراڵی کە دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا ئیش و کارەکانی جێبەجێ بکات سەیر بکات، بۆیە بەلای منەوە سەیر نییە ئەگەر دادگای فیدراڵی هیچ هەڵوێستێکیشی نەبێت؛ چونکە هەڵوێست وەگرتنەکە بەدەست خۆی نییە، ئەوەی پێدەگوترێ دەبێت ئەوە جێبەجێ بکات.
گوتیشی: "ئەو کەس و لایەنانەی کە کۆنترۆڵی جومگەکانی عێراق دەکەن، یەکێک لەوانە کە دادگای نافیدراڵی و نا دەستوورییە، هێشتا پەیوەندییان پێوە نەکردوون، هەر کاتێک پەیوەندییان بە دادگاوە کرد، دادگاش هەڵوێست وەردەگرێت".
ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاو کردەوە.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".
مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".