بەڕێوەبەری قەیرانەکانی دهۆک: بەم نزیکانە هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو قەرەبوو دەکرێنەوە

K24 - هەولێر
پیردەیان جەعفەر بەڕێوەبەری قەیرانەکان و کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەم یەک دوو ڕۆژەدا تەواوی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو دەکرێنەوە و مزگێنییەکی خۆشیش بۆ ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانەی قەراغ ڕووباری هیشکەڕوو هەیە.
گوتیشی: بۆ ڕووپێویی زیانەکان هەشت تیم پێک هێنراون و لە ناوچە جیاوازەکانی دهۆک دەگەڕێن، تا وەکوو ئێستە تەنیا ئامارەی سەرەتایی هەیە و ئاماری کۆتایی ئامادە نەکراوە؛ بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری داوە و بڕیاری داوە بە زووترین کات سەرجەم هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو قەرەبوو بکرێنەوە و بە تایبەت ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان کەوتووەتە قەراغ ڕووباری هیشکەڕوو کە هەواڵێکی خۆش بۆ ئەوان هەیە، بەڵام با بمێنێت بۆ کاتی قەرەبوو کردنەوەکە.
بەڕێوەبەری قەیرانەکانی دهۆک ڕاشیگەیاند: پارێزگاری دهۆک لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندییە بۆ ئەوەی هەرچییەک پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان بکرێت تاوەکوو قەرەبوو دەکرێنەوە.
پیردەیان جەعفەر ئاماژەیدا، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان زیانی پێگەیشتووە و گواستراونەتە هۆتێلەکان بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی و چەند خێرخوازێکی دیکە خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکرێت.
راشیگەیاند، هاووڵاتییان خۆبەخشانە و گیانێکی نیشتمانپەروەرانە لە کەمپەکانەوە هاتوون و هاوکاریی تیمەکانی شارەوانی دەکەن لە پاککردنەوەی شەقامەکان و ئەو شوێنانەی بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ و لیتەیان تێچووە.