بە بڕیاری سەرۆک بارزانی زیاتر لە 100 شوقە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک تەرخان دەکرێت

سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەک لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی 117 شوقە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک تەرخان کرا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 21-3-2024، سەرچاوەیەک لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ڕووداوی لافاوەکەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە دهۆک، کە زیانێکی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیاری دا قەرەبوویان بکاتەوە بەیەکەی نیشتە جێبوون کە 117 شوقە لە خۆ دەگرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس خنکاون لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".

Fly Erbil Advertisment