بەڵێن عەبدوڵڵا: چارەسەکردنی پرسی کۆتاکان پێویستی بە دادگای فیدراڵی نەدەکرد

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، رایدەگەیەنێت: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین، هەورەها پیشێلکردنی مافی پێکهاتەکان زۆر مەترسیدارە و دەبوو ئەو پرسە بە شێوەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت.

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێ لە دەسەڵاتە سەرەکییەکانی دادگای فیدراڵی ئەوەیە راڤە بۆ دەستووریبوونی یاساکان دەکات، بە پشبەستن بە بڕگەکان دەستوور، دادگا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ بڕیارەکان بکات، بەڵام نابێت یاسا دابنێت و یاسا هەمواربکاتەوە.

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، راشیگەیاند، ئەو دادگایە بڕیاری دەرکردووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فرەبازنەیی بێت لە کاتێکدا ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتەکانی ئەو دادگایەوە نییە، بڕیار لە بارەی پێکهاتەکانیشەوە هەم دیسان ئەوە کاری دادگا نییە بڕیاری لەسەر بدات.

بەڵێن عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا، پێشێلکرندی مافی پێکهاتەکان زۆر مەترسیدارە، دەبوو ئەو پرسە بە شێویەکی دیکە چارەسەر بکرێت و، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادەستوورین.

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، گوتی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە ئایندەدا کێشەی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەو دادگایە دەستوەردان لە کاروبارەکانی هەرێم دەکات لە کاتێکدا سەرجەم بڕیارەکانی دژی هەرێم نادەستوورین.

بەڵێن عەبدوڵڵا، باسی لەوەشکرد، دەبێت چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ئاسان نابێت هەڵبژاردن بکرێت.

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بە زووترین کات پێکەوە کۆببەنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، چونکە دۆخی کوردستان وا دەخوازێت کە لایەنەکان یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.

Fly Erbil Advertisment