کەشناسی: شەپۆلە بارانێکی دیکە بەڕێوەیە تەزرەشی لەگەڵە

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 - هەولێر

بەشی پێشبینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کەشناسی و بوومەلەرزەزانىی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تا وەکوو سبەی ئێوارە شەپۆلە بارانێک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەفر و تەزرەشی لەگەڵە.

بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە (24ی ئاداری 2024) کەش تا وەکوو نیوەڕۆ هەور دەبێت و ئەگەرى بارانی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، لە دواى نیوەڕۆوە بەهۆی کاریگەرىی دوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سوور و کەنداو شەپۆلە بارانێک ڕوو لە ناوچەکە دەکاتەوە .

هەر بە گوێرەی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانى ئیدارەى گەرمیان دەست پێ دەکات و لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و باشوورى پارێزگاى سلێمانى بارانى بەلێزمە و هەورە بروسکە دەبێت و بارینەکە بە بەراورد بە ناوچەکانى تر زیاتر دەبێت و بڕی بارانی پێشبینىکراو لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان لە نێوان 35ملم تا45 ملم بێت.

هەروەها پێشبینی دەکات کاریگەرىی شەپۆلەکە تا کاتەکانى بەرە بەیانى ڕۆژى دووشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى ڕاپەڕین و سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ باران کەمتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە لە ناوچە سنوورییەکان و لووتکەى شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی دووشەممە (25ی ئاداری 2024) بەشی پێشبینی ئاماژەی داوە، کاریگەرى شەپۆلە بارانەکە لە ناوچەکە تا کاتەکانى بەرە بەیان بەردەوام دەبێت.

هەروەها بەهۆی کاریگەرىی بارستە هەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەرى تەزرە  لە کاتەکانى بەرەبەیان لە هەندێ ناوچە هەیە، لە دواى نیوەڕۆی دووشەممە باران کۆتاىی دێت و کەش بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت.