ڕاپۆرتێك: زیاتر له 60 هه‌زار كۆچبه‌ر له 10 ساڵی ڕابردوودا مردوون

K24 - هەولێر:
ڕاپۆرتێكی سه‌ر به ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه به‌وه ده‌كات، له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوودا زیاتر له 60 هه‌زار كۆچبه‌ری نایاسایی مردوون؛ ده‌شڵێت، ساڵی 2023 سه‌ختترین ساڵ بووه بۆ كۆچبه‌ران.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 26ـی ئاداری 2024) "پڕۆژه‌ی كۆچبه‌رانی بێسه‌روشوێن"ـی سه‌ر به ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی له ڕاپۆرتێكدا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر مردنی زیاتر له 63 هه‌زار كۆچبه‌ری نایاسایی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2024 كه له ڕێگه‌ی چوونیان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه.
پڕۆژه‌ی كۆچبه‌رانی بێسه‌روشوێن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ساڵی 2023 سه‌ختترین 10 ساڵی ڕابردوو بووه بۆ كۆچبه‌ران به‌شێوه‌یه‌ك، زۆرترین كۆچبه‌ر له ساڵی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه.
هاوكات خۆرخی گالیندۆ، گوته‌بێژی په‌یمانگه‌ی زانیارییه جیهانییه‌كانی سه‌ر به ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندووه، ئاماره‌كان زۆر نیگه‌رانكه‌رن، نه‌خاسمه دوای ساڵێکی سه‌خت بۆ مرۆڤایه‌تی، هێشتا كه‌سانێك له جیهاندا به‌دوای ژیانێكی باشتره‌وه‌ن.
شاره‌زایانی جیهانیی پێیان وایه مردنی به‌كۆمه‌ڵی كۆچبه‌ران و بێسه‌روشوێنبوونیان، هاوتای قوربانییه‌كانی جه‌نگه‌كان سه‌خته و وه‌ك ئه‌وه وایه مرۆڤایه‌تی له جه‌نگێكی جیهانیی و سه‌رتاسه‌ریدا بێت.