کەناڵی عێراقییە، پێشکەشکارێکی خۆی سزا دەدات
K24 - هەولێر
کەناڵی "ئەلعراقییە"ـی فەرمیی حکوومەتی عێراق، پێشکەشکارێکی خۆی سزا دەدات، دوای ئەوەی ڕەخنەی لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین گرت.
پێشکەشکار، "ئان سەڵاح" کە بەرنامەیەکی سەرگەرمیی لە کەناڵی عێراقییە پێشکەش دەکات، ڕایگەیاند، "بەڕێوەبەری کەناڵەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردووە لە بەرانبەر بڵاوکردنەوەی پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە تێیدا ڕەخنەی لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل گرتووە"، دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی هاتووە بەوەی بەرنامەکەی دەوەستێنرێت و ڕێگری لە دەرکەوتنی دەکرێت.
ئان سەڵاح لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام گوتی: "بڕیاری کەناڵەکە، ڕادیۆش دەگرێتەوە".
هەفتەی ڕابردوو حکوومەتی عێراق بڕیاریدا، نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلی بەرزکردەوە کە نرخی یەک لیتر بەنزینی "موحەسەن"ـی لە 650 دینارەوە کردە 850 دینار، هەروەها یەک لیتر بەنزینی "سوپەر"ـی لە 1000 دینارەوە کردە 1250 دینار، هاوکات بڕیارەکەش لە سەرەتایی مانگی ئایارەوە جێبەجێ دەکرێت.
لەهەمان کاتدا حکوومەتی عێراق بۆ هاوکاریی خەڵکی کەمداهات و ئۆتۆمبێلەکانی کرێ، نرخی بەنزینی نۆرماڵی وەکو خۆی هێشتەوە کە یەک لیتری بە 450 دینارە، بەڵام ئەو بڕیارە نەبووە هۆی دامرکاندنەوەی توڕەیی خەڵک.