ئومێد ئەحمەد: بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ فشارێک نەخراوەتە سەر هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی بە خێرایی قەرزەکانیان بدەنەوە، هاوکات دەڵێت: بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێمی كوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، زیاتر لە ترلیۆنەک و 300 ملیار دینار قەرزمان لەلای هەموو هاوبەشەکانمانە، لە ساڵی 2021 بە دواوە هەموو ساڵێک لێخۆشبوون لە کرێی کارەبا هەبووە و چەند جارێکیش درێژکراوەتەوە بۆ سوودی هاووڵاتییان.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، راشیگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا بە رێژەی 20% لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و لێی سوودمەند دەبن.
ئومێد ئەحمەد، باسی لەوەکرد، لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی تا ئێستا هیچ فشارێک نەخراوەتە سەر هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی بە خێرایی قەزەکانیان بدەنەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو قەرزانە لەسەریان کەڵەکە بێن.
هاوکات گوتیشی: لە ماوەکانی رابردوودا بە شێوازێکی دیکە کار ئاسانی بۆ هاوبەشانی کارەبا کراوە و بۆیان کرابووە قیست.
رۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان بریتی بوو لە لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا بە رێژەی 20%.