بڕی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بووەتەوە

سەرۆکی جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی کار رایگەیاند، تۆڕی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان لە گەرمیانەوە تا دهۆک بە تەواوی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و دەگاتە پاڵاوگەکانی بێجی؛ هاوکات بڕی نەوتی گواستراوە لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، باز رەئوف کەریم، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی کار لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، رایگەیاند، لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، دەستکەوتێکی گەورەی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە و سەرجەم ئەو گازە سروشتییەی لە ناوچەکانی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەیەکەوە گرێ دراون.

باز رەئوف کەریم لە پیامەکەیدا نووسیویەتی: تۆڕی گازی سروشتیی کوردستان لە گەرمیانەوە تا دەگاتە دهۆک، لە رێگەی یەک تۆڕی گەورە و بەرفراوانی بۆرییەوە بە تەواوی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگەیەندرێتە پاڵاوگەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازیی بێجی و وێستگەکانی چارەسەرکردن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە جگە لەوەی قۆناخێکی گرنگە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەدا، لە هەمان کاتدا دەستکەوتێکی زۆر بەنرخە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و چارەسەرکردنی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا.

سەبارەت بە کەرتی نەوتیش، باز رەئوف کەریم سەرنجی خستە سەر پێشکەوتنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، لەم قۆناخەدا قەبارەی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە لە 250 هەزار بەرمیلەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بووەتەوە.

جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری گەیشتن بە ئەوپەڕی توانای بۆرییەکە کە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە لە رۆژێکدا، ئەوا نزیکەی 33%ـی تەواوی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەن و تیمانە کرد کە بەشدارییان لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە گەورەیەدا کردووە.