بەرگریی شارستانیی دهۆک: زیاتر لە هەزار دوکانی بازاڕی چەلێ لە سووتان پارێزران
K24 - هەولێر
عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەریی بەرگریی شارستانیی دهۆک تایبەت بە کوردستان24 ڕاگەیاند، بەهۆی سەرقاڵیی و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ژمارەی تەواوی دوکانە سووتاوەکان نازانین، بەڵام زیاتر لە هەزار دوکانی بازاڕی چەلێ لە سووتان پارێزران.
هەرەوها سوپاسی ئەندامانی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، تیمەکانی فەرمانگەکەی ئاو و شارەوانیی دهۆکی کرد کە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
عەمید حەسەن خورشید گوتیشی: بە هەوڵی زیاتر لە 24 تیمی بەرگری شارستانیی بە هەموو توانایەکیانەوە، پاش سێ کاتژمێر، توانرا ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی چەلێ کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا ساردکردنەوەی شوێنە سووتاوەکانە بۆ ئەوەی ئامارێکی دروستی دوکانە سووتاوەکان و قەبارەی زیانە ماددیەکان وەربگیرێت.
ئاماژەشیدا، بە گوتەی یەکێک لە پاسەوانەکانی بازاڕەکە گوایە ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی شۆرتێکی کارەباوە بووە، بەڵام ئەمە نابێتە بڕیاری کۆتایی و لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگرکەوتنەوە دەکرێت.