کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی بالیستی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵدا

ساتی هەڵدانی مووشەکی بالیستی کۆریای باکوور - وێنە: AFP
ساتی هەڵدانی مووشەکی بالیستی کۆریای باکوور - وێنە: AFP

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 6:53 خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆریای باکوور موشەکێکی بالیستی مەودا مامناوەندی بەرەو دەریای ژاپۆن هەڵداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرگریی کۆریای باکووردا هاتووە، لە نزیکەوە چاودێرییەکی وردی هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکەی کۆریای باکووریان کردووە و زانیارییەکانیشیان بە ئەمەریکا و ژاپۆن داوە.

لەلایەن خۆیەوە حکوومەتی ژاپۆن ڕایگەیاندووە، بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادەن و پاسەوانی کەناراوەکان داوایان لە کەشتیوانەکانی دەریای ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن کردووە بە وریاییەوە جموجووڵ بکەن و لە کەتنە خوارەوەی هەر تەنیکی نامۆ هێزەکانی پاسەوانی دەریایی ئاگادار بکەنەوە بێ ئەوەی نزیکی شوێنەکە بکەونەوە.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، فومیۆ کیشیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆریای باکوور چەند جارێکە مووشەکی بالیستی تاقی دەکاتەوە، ئەمەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمیی و قەبووڵکراو نییە.

تاقیکردنەوەی مووشەکییە نوێیەکەی کۆریای باکوور، سێیەمین تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی پیۆنگ یانگە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەروەها نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر مێدیا فەرمییەکانی کۆریای باکوور بڵاویانکردبووەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵات ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی مووشەکی خێراتر لە دەنگی کردووە کە بە سووتەمەنی پتەو کار دەکات، مووشەکە بالیسییە نوێیەکانیش دوورمەودا و مامناوەند بڕن.