ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکی هیندی و کۆمپانیایەکی تورکیدا سەپاند کە هاوکاریی ئێران دەکەن

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری"، سزای بەسەر تۆڕێکی تاوانکاریی هیندیدا سەپاند کە ئاڵا و بڕوانامەی ساختەیان بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دابین کردووە، هەروەها سزای بەسەر کۆمپانیایەکی تورکیشدا سەپاند کە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هێڵە ئاسمانییە سزادراوەکانی ئێران کردووە.

چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" سزایان بەسەر تۆڕێکی بەرفراوانی تاوانکاریدا سەپاندووە کە لەلایەن هاووڵاتییەکی هیندی بەناوی سونیێل کومار شارما و هاوسەرەکەی جەسقریت پریتی شاهیدەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم تۆڕە لە رێگەی فێڵکردنی دەریاییەوە پاڵپشتییان لە کەشتیگەلی سێبەری ئێران کردووە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەمبارەیەوە رایگەیاند: وەک چەندین جار گوتوومانە، لەژێر سایەی ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووریدا، ئێوە یان لەگەڵ ئێمەن یان دژمانن. ئێمە دەزانین ئێوە لە کوێن، و سزای هەر کەسێک دەدەین کە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئێران، چ لە رێگەی وشکانی، دەریایی یان ئاسمانییەوە بێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سونیێل کومار شارما و هاوسەرەکەی لە شاری چەندیگار-ی هیندستانەوە، فێڵیان لە ئیدارەکانی رێکخستنی دەریایی چەندین وڵات کردووە. ئەوان ئاڵای ساختە و بڕوانامەی ساختەی دەریاییان بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە نێویاندا ئەوانەی بۆ سوپای ئێران و بریکارەکانی کاردەکەن دابین کردووە، بۆ ئەوەی لە رێکارە نێودەوڵەتییەکان خۆیان بدزنەوە.

ئەم تۆڕە، بەبێ مۆڵەتی فەرمی، ماڵپەڕی ساختەیان دروستکردووە و خۆیان وەک نوێنەری چەندین وڵات ناساندووە، لەوانە: گویانا، ئێسواتینی، لاوس، دۆمینیکا، ئاروبا، مالی، مۆزەمبیق، مالاوی، سینت مارتن، و تیمۆری رۆژهەڵات.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لە 22ی نیسانی 2026، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی هەڵگری نەوتی ئێراندا گرتووە بەناوی (MAJESTIC X - پێشتر ناوی PHONIX بووە) کە ئاڵای ساختەی گویانای بەرزکردبووەوە. سەرباری ئەمەش چەندین کەشتی دیکەی سزادراوی ئێرانی وەک (PING SHUN، LATTAFA، BINARY STAR، VERA) سوودیان لەم ئاڵا ساختانە وەرگرتووە.

ناوی ئەو کەس و کۆمپانیا هیندییانەی سزاکان دەیانگرێتەوە:

- سونیێل کومار شارما

- جەسقریت پریتی شاهید، هاوسەری شارما.

- ئەشوانی کومار دیمان، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیاکانی شارما.

- ئیشویندەر سینگ، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیاکانی شارما.

- کۆمپانیای Eswatini Maritime Affairs and International Ship Registry PTE. Ltd (بنکەکەی لە سەنگافورەیە).

- کۆمپانیای Oceaniek Technologies India.

- کۆمپانیای Aryavart Ship Management Private Limited.

- کۆمپانیای Precept Trends Private Limited.

- کۆمپانیای Polynesia Maritime Private Limited.

- کۆمپانیای Alexarya Finserv Private Limited.

- کۆمپانیای Alexarya Media and Entertainment Private Limited.

- کۆمپانیای Viharaboating Private Limited.

- رێکخراوی Aryavart Maritime and Educational Trust.

هاوکات نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC) سزای بەسەر کۆمپانیایەکی تورکیدا سەپاند بەناوی کۆمپانیای (Fugo Ground Services Inc).

هۆکاری سزادانی ئەم کۆمپانیایە ئەوەیە کە خزمەتگوزاریی زەمینی و پشتیوانیی پێشکەش بە چەندین هێڵی ئاسمانیی ئێرانی کردووە کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون و گەشت بۆ تورکیا دەکەن. کۆمپانیاکە گرێبەستی راستەوخۆی لەگەڵ ئەم هێڵە ئاسمانییە ئێرانییانە هەبووە: (Iran Air Tour، Saha Airlines، Sepehran Airlines، Varesh Airlines، Taban Airlines، Ata Airlines Company). ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هۆشداریدابوو کە ئێران هێڵە ئاسمانییە بازرگانییەکانی بۆ گواستنەوەی چەک، تەکنۆلۆژیای هەستیار، زێڕ و پارە بۆ بریکارەکانی بەکاردەهێنێت.

وەزارەتی گەنجینە روونیکردووەتەوە کە بەهۆی ئەم بڕیارانەوە، سزاکان ئەم خاڵانە لەخۆدەگرن:

1- سەرجەم موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ناویان هاتووە، ئەگەر لە ناوخۆی ئەمریکابن یان لەژێر کۆنتڕۆڵی کەسانی ئەمریکیدابن، بلۆک دەکرێن و دەبێت بە فەرمی بە (OFAC) رابگەیەندرێن.

2. هەر کۆمپانیایەک کە رێژەی 50% یان زیاتری خاوەندارێتییەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەم کەس و لایەنە سزادراوانە، ئەویش بلۆک دەکرێت. بەگشتی مامەڵەکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لەگەڵیاندا قەدەخەیە.

3. هەر پێشێلکارییەکی ئەم سزایانە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای توندی مەدەنی یان تاوانکاری بەسەر کەسانی ئەمریکی و بیانیدا.

4. کەسانی نائەمریکیش (بیانی) قەدەخەیە ببنە هۆی ئەوەی ئەمریکییەکان سزاکان پێشێل بکەن، هەروەها دامەزراوە داراییەکان و کەسانی دیکە لە سەرانسەری جیهان رووبەڕووی مەترسیی سزادان دەبنەوە ئەگەر مامەڵەی بازرگانی یان دارایی گرنگ لەگەڵ ئەم لایەنە سزادراوانەدا بکەن، کە لەوانەیە ببێتە هۆی بێبەشبوونیان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا.

5. ئەمریکا بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک لە ناوخۆ یان دەرەوەی ئەمریکا کە زانیاریی دروست بدات لەسەر پێشێلکارانی ئەم سزایانە و ببێتە هۆی سزادانیان.