لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل پێنج هاووڵاتی بیانی کوژران

K24 - هەولێر

لە بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل کە ئۆتۆمبێلێکی ڕێکخراوێکی فریاگوزاری ئەمەریکی کردووەتە ئامانج، تێیدا پێنج کارمەندی "وۆرلد سنترال كيتشن" لە کەرتی غەززە کوژراون.

لەو پێنج کەسەی کە پشتڕاستکراوەتەوە چوار کەسیان بیانین، لە نەخۆشخانەی ئەقسا لە دێر بەلا، هاوکات ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە، نیگەرانی خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکە دەربڕی کە بووەتە هۆی کوژرانی کارمەندانی فریاگوزاری سەر بە جیهان ڕێکخراوی فریاگوزاری "وۆرلد سنترال كيتشن" لە غەززە.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی شەرق ڕایگەیاند، ئەو چوار کەسەی بیانی بوون هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی، ئوسترالی، پۆڵەندییان هەیە و ئەوی دیکەش هێشتا ڕەگەزنامەکەی نەزانراوە، جگە لە شۆفێرەکە وەرگێڕێکی فەلەستینییە.

ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، پەیوەندی بە باڵیۆزی ئیسرائیلەوە کردووە لە وڵاتەکەی و داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو"ـی کردووە.

لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەکدا بزووتنەوەی حەماس ئیدانەکردنی کوژرانی کرێکارانی "وۆرلد سنترال كيتشن" کرد و سوپای ئیسرائیلی بە دڕندە ناوبرد.

هەروەها بزووتنەوەی فەڵەستینی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە ئەم "کردەوە قێزەونە" ئیدانە بکەن و هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە "تاوانەکانی دەستدرێژی و داگیرکاری دژی گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە".

ڕێکخراوی "وۆرلد سنترال كيتشن" لە هەژماری خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی، ئاگاداری ئەو هەواڵانەن کە باس لەوە دەکەن ئەندامەکانی ڕێکخراوەکەمان لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە کوژراون، ئەمە لەکاتێکدا کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردن و هەوڵە مرۆییەکانی بۆ گەیاندنی خۆراک.

ڕێکخراوەکە ڕووداوەکەی بە "کارەسات" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کرد، نابێت هەرگیز کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی و خەڵکی مەدەنی بکرێنە ئامانج.