حکوومەتی یەمەن بانکی ناوەندی لەژێر دەستی حوسییەکان دەردەهێنێت

K24 - هەولێر

حکوومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، فەرمانی بە بانکە بازرگانییەکان کرد، لە ماوەی 60 ڕۆژدا بارەگاکانیان لە شاری سەنعای پایتەختەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە بگوازنەوە بۆ شاری عەدەن لە باشووری ئەو وڵاتە.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) بڵاویکردووەتەوە، “ڕۆژی سێشەممە، 2-4-2024، ئەحمەد ئەحمەد غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندیی کە دانپێدانراوی نێودەوڵەتیە، بڕیارنامەی ژمارە (17)ـی ساڵی 2024ـی، سەبارەت بە گواستنەوەی ناوەندە سەرەکییەکانی بانکی بازرگانی دەرکرد، بانکە ئیسلامییەکان و بانکە داراییە بچووکەکان لە شاری سەنعاوە بۆ پایتەختی کاتی عەدەن.

لە بڕیارەکەدا 60 ڕۆژ مۆڵەتی بە بانکەکان داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، هۆشداریش دراوە بەو کەسانەی کە نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر بەپێی بڕگە کارپێکراوەکانی یاسای دژە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و ڕێسا جێبەجێکارەکانی.

لە بڕیارەکەدا تیشک خراوەتە سەر "ئەو ڕێوشوێنانەی کە حوسییەکان بۆ دەرکردنی دراوی نایاسایی بۆ پەکخستنی سیستمی دارایی و بانکی لە وڵات و ڕێگریکردن لە مامەڵەکردنی بانک و دامەزراوە داراییەکان لە مامەڵەکردن بە دراوی نیشتمانی کە دەبێتە هۆی پەکخستنی دراوی نایاسایی".

پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم بڕیارە وا دەکات بانکی ناوەندی بتوانێت ئەرکە چاودێرییەکانی خۆی بەپێی یاسا جێبەجێ بکات".

ئەم بڕیارە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە دەرکردنی دراوێکی 100 ڕیالی گرووپی حوسییەکان، لە هەنگاوێکی تاکلایەنە کە لەلایەن حکومەتی یەمەنەوە ڕەتکرایەوە و ئیدانەیکرد.