ترەمپ: جەنگی ئێران هۆکاری شکستەکەمان بوو
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات رەتیشیکردەوە هەڕەشەکانی پارتی دیموکرات بۆ لەکارلادانی لە پۆستەکەی هیچ بنەمایەکی هەبێت و جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ناوی ئەو لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا بووایە، کۆمارییەکان زۆرینەیان لەدەست نەدەدا.
چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەکاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوە لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە پرسی ئێران و گرژییەکانی ئەم دواییە رایگەیاند: "ئێمە هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێمە توانای سەربازی، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سیستەمی دژە فڕۆکەی ئەو وڵاتەمان بەتەواوی تێکشکاندووە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکرد بەهۆی گرژییەکانەوە نرخی نەوت دوو بۆ سێ هێندە بەرزببێتەوە، بەڵام ئێستا نرخەکان روو لە دابەزینن، گەرووی هورمز کراوەیە و ئەمریکاش زیاتر لە هەر کاتێکی پێش جەنگەکە نەوت بەرهەم دەهێنێت.
سەبارەت بە لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن پارتی کۆمارییەوە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، ترەمپ دانینا بەوەی کە بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی بەنزین بەهۆی جەنگەوە کاریگەریی هەبووە، وەک ئەوەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک ئاماژەی پێدابوو، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەگەر ناچار بم دووبارە بڕیار بدەمەوە، هەمان شت دەکەم، چونکە بۆ مەودای درێژ ناتوانین رێگە بدەین ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نەبوو".
سەرۆکی ئەمریکا هۆکارێکی دیکەی پاشەکشەی پارتەکەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی ناوی خۆی لەسەر کاخەزی دەنگدان و گوتی: "ئەگەر من لەسەر کاخەزی دەنگدان بوومایە، ئێمە دەیانبردەوە. لە گردبوونەوەکاندا هەزاران کەس ئامادە دەبوون، بەڵام نەمانتوانی ئەو جەماوەرە و ئەو خۆشەویستییە بۆ کاندیدەکانی دیکە بگوازینەوە". سەبارەت بە هەڵبژاردنی 2028یش، ترەمپ رایگەیاند کە هێشتا دیار نییە کێ خۆی کاندید دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەوڵی ئەگەریی دیموکراتەکان بۆ لەکارلادانی، ترەمپ بە توندی رەتیکردەوە هیچ نیگەرانییەکی هەبێت و هۆشداریدا: "ئەگەر دیموکراتەکان کارێکی وا بکەن، پارتی خۆیان لەناو دەبەن، چونکە ناتوانن سەرۆکێک لاببەن کە وڵاتەکەی گەیاندووەتە لوتکەی سەرکەوتن لە مێژوودا". روونیشیکردەوە کە ئامادەیە لەگەڵ دیموکراتەکاندا کار بکات بە مەرجێک "وێرانکەر" نەبن، هۆشداریشیدا کە هێزی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە ئەگەر کارەکانیان بەدڵ نەبێت.
کاتێک پەیامنێرێک لێی دەپرسێت: "ئایا بیر لەوە دەکەیتەوە وەزیری جەنگ بگۆڕیت؟"ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت: "نەخێر، پێموایە کارێکی زۆر باش دەکات."
دواتر پەیامنێرێکی دیکە پرسیاری لێدەکات سەبارەت بەوەی ئایا دەیەوێت وەزیری جەنگ کورسییەکی ئەنجوومەنی پیران پڕبکاتەوە؟
ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت: "باشە، پێموایە ئەو کارێکی زۆر باش دەکات. لە راستیشدا پێموایە ئەگەر ئەوە بکات زۆر پەسەند دەبێت، بەڵام من ئەوەم هەر نەبیستووە."
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا، دانی بە شکستی قورسی پارتی کۆماریدا نا لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس و رایگەیاند، هۆکاری شکستەکەیان کەمیی بەشداریی دەنگدەران نەبووە، بەڵکو خودی جەنگی ئێران، گرانیی بژێوی و ناڕەزایەتی لە شێوازی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بووە، کە وایکرد دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2024، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، پارتی دیموکرات سەرکەوتنێکی مێژوویی و گەورەی تۆمار کرد و توانی بە بەدەستهێنانی 241 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و 54 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران، زۆرینەی رەهای هەردوو ئەنجوومەنەکە لە دەست کۆمارییەکان دەربهێنێت؛ هاوکات لە گەورەترین شۆکی هەڵبژاردنەکەدا، قەڵای نەریتیی کۆمارییەکان لە تەکساس رووخا و کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.