د. زێدە محەممەد: پلانێکی توکمەمان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادە کردووە
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایدەگەیەنێت، پلانێکی توکمەیان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادە کردووە. دەشڵێت، حکوومەتی عێراق پلانیداناوە گەنمی هەموو جووتیاران وەربگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 06-04-2024، د. زێدە محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئابووری"ـی کوردستان24، باسی لە پلانی حکوومەت کرد بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان.
د. زێدە محەممەد گوتی، "ساڵانە پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادە دەکەین. ئەمساڵ وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە رووپێوییەک کە بە هاوکاریی لەگەڵ ستافێکی زانکۆی سەڵاحەددین ئامادەمان کردووە، پلانێکی توکمەمان بۆ ئەو مەبەستە داڕشتووە".
بە گوتەی د. زێدە محەممەد، "ئامانج لەو رووپێوییەی کراوە، زانینی رووبەری داچێندراو بە گەنم و جۆوە لە هەرێمی کوردستان و هاوکات بۆ پێشبینیکردنی بڕی بەرهەمی ئەو دوو جۆرە دانەوێڵەیە. مەبەستمانە کاتێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی پلانی ساڵانی کشتوکاڵ ئامادە دەکەین، ئەم داتایانەمان لابێت".
بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، "لە پلانە کشتوکاڵییە پێشنیازەکەماندا کە لەسەر بنەمای ڕووپێوییەک داڕێژراوە، ئاماژەمان بەوە کردووە، کە نزیکەی سێ ملیۆن دوونم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە".
وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ خستیەڕوو، "حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە هەموو گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەریی وڵات ئەوانەی لە پلانی کشتوکاڵ ئاماژەیان پێ کراوە یان تەنانەت ئەوانەی دەرەوەی پلانەکەشن، وەربگرێت، بەس ناکرێت ڕێژەکە لە شەش ملیۆن تۆن زیاتر بێت".
د. زێدە محەممەد ڕوونیشی کردەوە، "مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی بارزگانیی عێراق هەیە، لەو کۆبوونەوەیەدا بۆمان رووندەبێتەوە حکوومەتی فیدراڵی هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت یان تەنها بڕێکمان بۆ دەستنیشان دەکات".
ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات زۆرترین بڕی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەربگیرێت.
مانگی داهاتوو وەرزی دروێنەی گەنم دەستپێدەکات و بڕیارە پێش ئەو وادەیە هەردوو وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراو لە جوتیارانی کوردستان ڕێکبکەون.