ئیسرائیل بۆ ئامادەکاری دانووستان بەشێکی سوپاکەی لە خان یونس دەکشێنێتەوە
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە خان یونس باشووری غەززە، ڕێگە بە سەربازەکانی دەدات پشووبدەن و خۆیان ئامادە بکەنەوە، بەڵام هەنگاوانە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی دیکە نییە.
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەستەمە بزانین ئێستە بە تەواوی چی دەگوزەرێ، گوتیشی، "هێزەکانی ئیسرائیل لە دوای شەڕکردنی چوار مانگ لە غەززە هەست بە ماندوێتی دەکەن".
پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانی خۆی لە خان یونس دەکشێنێتەوە پێش ئەوەی ئامادەبوونی خۆی لە دانوستانەکانی ئاگربەست لە قاهیرە ڕابگەیەنێت.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانی زەمینی خۆی لە خان یونس کشاندووەتەوە، ئەویش بۆ پشوودان بە سەربازەکانی و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو، هەروەها بە شێوەیەکی دیکە ئۆپەراسیۆنە زەمینەکەی کۆتایی پێدەهێنیت، هەر وەک ئێستەی لە غەززە دیاری دەکات، بەڵام "هێزێکی بەرچاو" لە ناوچەکانی دیکەی غەززە ماوەتەوە.
ڕاشیگەیاند، "هێزێکی گەورە بە سەرۆکایەتی فیرقەی 162 و لیوای نەهال لە کەرتی غەززە بەردەوامە لە چالاکییەکانی، بەمەبەستی پاراستنی سوپا و توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری ورد".
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو هێزانەی کە ماون بەدرێژایی ڕێڕەوی بەناو "نەتساریم" جێگیردەکرێن، کە ئەو ڕێگایە کەرتی غەززە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکات.
ڕۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیشی بە بارمتە گرت، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.