ئازاد دۆسکی: دادگای فیدراڵی بووەتە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

K24 – هەولێر

شرۆڤەکارێکی یاسایی ڕایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بووەتە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، ئازاد دۆسکی، شرۆڤەکاری یاسایی و دەستووری لەمیانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕۆژی 4/4/2023 کراوە، هەندێکجار ئەم ڕێککەوتنە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی کەسێک یان حزبێک لە عێراقدا دەڵێن کراوە.

بەگوتەی ئەو، "ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا لانەداوە. و لە چوارچێوەی دەستووی عێراقدا بووە، کورد یان هەرێمی کوردستان، شتێکی زیاتری داوا نەکردووە،  لەو مافە دەستوورییانەدا بوونی نەبووبێت، هەموو مافەکانی کوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە و بوونی هەیە."

ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی: "زۆربەی زۆری ئەم دەستوورە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حزبەکانیشەوە جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی کردووەتەوە. ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکات، کێشەکان بەتایبەت کێشە ئابوورییەکان نە دەگەشتە ئەو ئاستەی ئێستە. هەموو کێشەو ئاڵۆزییەک دادگای فیدراڵی تەداخول بکات."

ئازاد دۆسکی دەشڵێت: "بە بڕوای من ئەگەر پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینیایە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەدەبووە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ."

ئازاد دۆسکی ئەوەشی خستە ڕوو، لە دەستووری عێراقدا لە مادەی 47دا هاتووە دەڵێت، "دەسەڵاتەکان لە عێراقدا بریتییە لە سێ دەسەڵات. دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە خۆی لەسەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەبینێت، لەگەڵ دەسەڵاتی پەرلەمان و ئەنجومەنی فیدراڵیش کە دانەمەزراوە، دواتر دەسەڵاتی دادوەریی، کە خۆی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدراڵیدا دەبینێت".

ئەو ئاشکرای کرد، پشکی بودجەی هەرێم کە 12%یە پێشتر 17%بوو بەبێ ئەنجامدانی هیچ ئامارێک خۆیان کردیان بە 12 کە پەیوەستە بە پسپۆڕی مادەی دەستوور کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵی سەرژمێری ئەنجامبدات، بەبێ ئەنجامدانی ئەو سەرژمێریەش کردوویەتی بە 12%دا.

ڕاشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق، کە تاکە کەسیشە ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت لە عێراقدا. ڕێککەوت پێش پشکی یاسای موازەنەی عێراق ژمارەی 13ـی 2023 بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە و خەرجی سیادی، ئەم ڕێککەوتنە کرا بەپێی مادەی 80ـی دەستوور، ئەوەی یاسایی بودجە ڕێکدەخات دەسەڵاتی جێبەجێکارە لەناویشیاندا سەرۆکوەزیرانە، بەڵام بودجەی هەرێم راستەوخۆ پێش لادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆک پەرلەمانی پێشوو لە خەرجی سیادییەوە خرایە سەر "انفاق فعلی". کە بەبێ هیچ پرەنسیپێک سەرۆکی پەرلەمان گۆڕی.