هۆشداری لە هەڵسانی لافاو لە 15 پارێزگای تورکیا دەدرێت
K24 - هەولێر
بەهۆی بەردەوامیی بارانی بەلێزمە، هۆشداری لە هەڵسانی لافاو لە 15 پارێزگای تورکیا دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 09-04-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، شەپۆڵێکی بارانبارینی بەلێزمە باکووری کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی تورکیا دەگرێتەوە و 15 پارێزگاشی خستووەتە ناو لیستی هۆشداریی هەڵسانی لافاو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی تورکیا راشیگەیاندووە، شەپۆڵەکە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئاکدەنیز لەگەڵ پارێزگاکانی بەدلیس، موش، شرنەخ، وان و بەشی باشووری وانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریش دراوە لە دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنی ئاو لە ناوەندی پارێزگاکان. باس لەوەش کراوە، بارانبارین و هەورە برووسکە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.