سامانە سروشتییەکان و کارەبا: لە هەوڵداین تا دۆخی کارەبا بە زوویی ئاسایی ببێتەوە

وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە کاتژمێر 11ـی ئەمشەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و، هاوکات هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تاوەکو پەلامارەکە کەمترین کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان هەبێت.

یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: لە کاتژمێر 11ـی ئەمشەو، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆر هێرشی کرایە سەر.

سەبارەت بە لێکەوتەکانی هێرشەکە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی تەزووی کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا هەبێت و، لە زووترین کاتدا بارودۆخی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ئاسایی بێتەوە.

لای خۆیەوە هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: بەهۆی ئەو هێرشەوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا بە تەواوی راگیراوە، بەڵام خۆشبەختانە پەلامارەکە هیچ زیانێکی گیانیی لە ریزی کارمەندان و پاسەوانانی کێڵگەکە لێنەکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی شوێنی هێرشەکە، هەرێم جاف ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەشەی کێڵگەکە کراوەتە ئامانج کە پێی دەگوترێت "کێڵگە کۆنەکە"، کە شوێنی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گازی ماڵانە (LPG)، کە پێشتر هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر ئەو بەشە دیاریکراوە ئەنجام نەدرابوو، هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی یەکجار گەورە لەناو کێڵگەکە کەوتووەتەوە و بڵێسەی ئاگرەکە لە زۆربەی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە دەبینرێت، هاوکات زیانێکی ماددیی زۆر بەر یەکەکە کەوتووە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەگاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات. 

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە رێگەی لوولەوە رەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.