قایمقامی هەولێر: سبەی لیژنەی خەمڵاندنی زیانەکان دەستبەکار دەبێت

قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، لە بەیانییەوە لێژنەیەکی هاوبەش دەست دەکات بە خەمڵاندنی تەواوی زیانەکانی لافاوەکە و حکوومەتیش بەپێی توانا قەرەبووی هاووڵاتییان دەکاتەوە

یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ی کەناڵی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆبوونەوەی دیوانی پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا لێژنەیەک بە هاوبەشی لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان لە پارێزگا و نوێنەرانی قایمقامییەتەکان پێکبهێنرێت بۆ تۆمارکردنی زیانەکانی هاووڵاتییان و لە بەیانیی دووشەممەوە دەستبەکار دەبێت.

گوتیشی: "لێژنەکە سەرەتا تەنیا خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکات، دواتر حکوومەت وەکو ساڵانی رابردوو و بە گوێرەی توانا بەپێی یاسا، قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانی هاووڵاتییان دەکاتەوە."

قایمقامی ناوەندیی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کرد کە بەڵگە و وێنەی زیانەکانیان لای خۆیان تۆمار بکەن و هەڵیبگرن بۆ ئەوەی پیشانی لێژنەکانی بدەن، چونکە پرۆسەی خەمڵاندنەکە چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە بەهۆی فراوانیی زیانەکان بەسەر چەندین گەڕەکدا، تیمەکانی شارەوانی ئەمشەو تاوەکو درەنگانی شەو و سبەینێش بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی شەقامەکان، هاوکات ئەو قوتابی و فەرمانبەرانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانمەند بوون، لە دەوامی سبەینێدا بە غائیب هەژمار ناکرێن.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە، نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بەو زیادەڕۆییانە کراوە کە لە دوای لافاوەکەی ساڵی 2021 کراون، یاخود ئەو کەند و جۆگانەی بەهۆی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانەوە پڕکراونەتەوە، کە بەپێی یاسای ساڵی 2018 لێپرسینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێت." گوتیشی فڕێدانی زبڵ و خاشاک یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بووەتە هۆی گیرانی مەنهۆڵەکان، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە خاوێنکردنەوەیان کرابوو.

قایمقامی هەولێر سەرنجی خستە سەر رۆڵی پڕۆژە ستراتیجییەکانی بەرگرتن لە لافاو و گوتی: "چەندین خاڵی لاواز دەستنیشان کراون؛ بەڵام ئەگەر لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەموو پۆندە دروست نەکرابان یان کەندەکان خاوێن نەکرابانەوە و ئەو هەموو رێکارە نەگیرابانەبەر، ئێستا لافاوەکە کارەساتێکی یەکجار گەورەی دەنایەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین پڕۆژەی نوێش لە پلاندان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی لافاو لە پایتەختدا بگرن.