وەزارەتی کارەبا بۆ کوردستان24: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر 2800 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و راگیرانی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 بۆ 2800 مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی کەمدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پاش هێرشەکە هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، چەمچەماڵ و دهۆک راگیراوە، بەم هۆیەشەوە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوەوە کاریگەریی کەمبوونەوەی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان بە تەواوی دەردەکەوێت و بە گشتی نزیکەی 2500 تا 2800 مێگاوات کارەبا لە تۆڕەکە کەم دەبێتەوە.
سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە کتوپڕە، ئومێد ئەحمەد گوتی: "لە پێناو رێگریکردن لە روودانی کوژانەوەی گشتی (بلاک ئاوت)، وەزارەتی کارەبا لە رێگەی بەگەڕخستنی وێستگەکانی هایدرۆپاوەر لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان و ئەو وێستگانەی دەتوانرێت بە سووتەمەنیی دیکە کار بکەن، کارەبا بۆ شوێنە هەستیار و گرنگەکان وەک نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو دابین دەکات."
دەربارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد: "ئاساییبوونەوەی دۆخەکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ ناو وێستگەکان".
سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، درەنگانی ئەمشەو 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا و هاوکات گوتیشی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.