یەحیا ڕەسووڵ: لە ئەگەری کشانەوەی هاوپەیمانان هەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسییەکانی داعش کردووە

یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 – هەولێر

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت: لیژنە سەربازییەکان جەخت لەکشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەنەوە، دەشڵێت: هەڵسەنگاندنی زیاتر بۆ گۆڕین یان کشانەوەی ئەو هێزانە دەکرێت.

مەترسییەکانی داعش، جوڵەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەدژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، دوو لەو دۆسیانەن کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێریان دەکات.

لەمانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە لیژنەکانی سەربازی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەندین کۆبوونەوەیان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی مەیدانی سەربازی هاوپەیمانان، یان درێژکردنەوەی ئەرکەکانیان لەچوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی ئەنجامداوە.

لەوبارەیەوە یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەدوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە: لیژنەکانی راسپێردراو چوارەم کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسییەکانی داعش کردووە.

بەگوتەی یەحیا ڕەسووڵ، لیژنەکان جەخت لەسەر کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەنەوە، هاوکات راشیدەگەیەنێت، گفتوگۆکان و هەڵسەنگاندنەکان بەردەوام دەبن بۆ دیاریکردنی وادەی وەرچەرخان بۆ پەیوەندی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان.

شارەزایانی بواری ئەمنی بۆچوونیان وایە، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان مەترسی جددی لەسەر عێراق دروست دەکات، بەبۆچوونی ئەوان هەرچەندە توانای داعش لاواز بووە، بەڵام دۆخی ناوچەکە بە کۆمەڵێک ئاڵنگاری ئەمنی تێدەپەڕێت، لەلایەک پرسی ئاسایشی پێکهاتەکان کە شانەکانی داعش لەوناوچانە چالاکن کە دەکەوێتە ناوچە سووننەنشینەکان و ناوچەی بۆشایی ئەمنی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکە باڵادەستبوونی گروپ و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران مەترسییەکانیان بەتایبەت لەسەر ئەو ناوچانە کاریگەر ماون.

بڕیارە رۆژی 15ـی نیسان محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمەریکا بکات و لەکۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، یەکێک لەو پرسانەی لەنێوان هەردوولادا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کۆتایهێنانە بە ئەرکی مەیدانی و سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان مانەوەی ئەوهێزانە بە میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری، ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت: کاردەکەین بۆ سەرکەوتنی دیدارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەچوارچێوەی شەراکەتی ئەمنی تەواوەتی نێوان هەردوو وڵات