کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان کرایە ئامانج
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند؛ درەنگانی شەوی سێشەممە، ئاگادار کراونەتەوە لە رووداوێک لە دووری 14 میلە دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی لیمای عومان.
دەستەکە کە بەرپرسیارە لە ئاسایشی کەشتییەکان و چاودێریکردنی هاتوچۆی دەریایی، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسی ئاسایشی کۆمپانیای بەڕێوەبەریی تەنکەرێکی نەوت، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە دوو مووشەکی کراوەتە ئامانج و ژووری بزوێنەرەکانیان پێکاوه.
دەستەکە دووپاتیکردەوە، هیچ زیانێکی گیانی یان ژینگەیی تۆمار نەکراوە. داواشی لە کەشتییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبووندا هۆشیار بن و هەر چالاکییەکی گوماناوی رابگەیەنن. بەرپرسانی ناوچەکەش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ کەشتی نەوتهەڵگر بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە رێڕەوی رێگەپێنەدراو لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگرێکی بەهێز لە تەنکەرەکاندا کەوتووەتەوە. سوپای پاسداران هۆشداری داوەتە کەشتییەکان لە سەرپێچیکردنی رێنماییەکانی ئێران بۆ رێکخستنی هاتوچۆی دەریایی.
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بەردەوامە. ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، مینەکانیان لە رێڕەوە دەریاییە سەرەکییەکان پاککردووەتەوە، لە کاتێکدا ئێران گومانی لە سەلامەتیی ئەو رێڕەوانە هەیە و هۆشداری دەداتە کەشتییەکان لە بەکارهێنانیان.
سوپای پاسداران لە هەفتەکانی رابردوودا باسی رووداوی هاوشێوەی تەنکەرە نەوتەکانی کردبوو کە هەوڵیان دابوو بەو گەرووەدا تێپەڕن، کە بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی بازرگانیی وزەی جیهانی دەناسرێت.