هاووڵاتییانی پارێزگای دیوانییە: شارەکەمان هیچ شوێنێکی بۆ کات بەسەربردن تێدا نییە

شوێنێکی کات بەسەربردن لە دیوانییە
شوێنێکی کات بەسەربردن لە دیوانییە

K24 – دیوانییە:

لە رۆژانی جەژن و بۆنە جیاوازەکاندا خەڵكی پارێزگای دیوانییە هیچ شوێنێکیان نییە ڕووی تێبکەن. هاووڵاتییەک دەڵێت، ناوچە ستراتیژی و بازرگانییەکان بەناوی وەبەرهێنان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بەناوی کەسانی دیکەوە دەکرێن، شارەکەمان هیچ شوێنێکی بۆ کات بەسەربردن تێدا نییە.

وێڕای ئەوەی ساڵانە بودجەیەکی زۆر بۆ ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێت، کەچی ئەو پارێزگایە خراپترین ژێرخانی لە عێراقدا هەیە، ناوەکەی شاری یاری خۆشییە بەڵام هیچ خۆشییەکی تێدا بەدی ناکرێت.

ئەمە حاڵی زۆربەی ناوچە گەشتیاری و شوێنەکانی کات بەسەربردنە لە دیوانییە، خەڵکی شارەکەش هۆکارەی ئەم حاڵە بۆ نەبوونی چاودێری و گەندەڵی دەگەڕێننەوە.

لەلایەن خۆیەوە، مافپەروەر عیسا ئەلکەعبی دەڵێت: ""دیوانییە هیچ شوێنێکی بۆ کات بەسەر بردن تێدا نییە بۆ ئەوەی خەڵک لە جەژن و بۆنەکاندا رووی تێ بکەن، شاری سەعادەمان هەیە، کە شوێنێکی خاپوور کراوە و بووەتە جێی سەگە بێلانەکان. بەڕاستی نازانم رۆڵی شارەوانی، دەستەی وەبەر‌هێنان و حکوومەتی خۆجێی لەم نێوەندەدا چییە".

هەروەها هاووڵاتی بۆ کوردستان24 گوتی: "هیچ شوێنێکی ستراتیژی و بازرگانیی لە پارێزگای دیوانییە نەماوەتەوە بەناوی وەبەرهێنان دەستی بەسەردا نەگیرابێت، کەچی هیچ وەبەرهێنانێکیش لە واقیعدا بوونی نییە، بەڵکو بەناوی کەسێکەوە دەکرێت و بەم شێوەیەی زەوت دەکرێت، دیوانییە هیچ پڕۆژەیەکی کات بەسەربردن و وەبەر‌هێنانی تێدا نییە، ئەمە قسەیەکە، حکوومەت کردوویەتی و خەڵکیش باوەڕی کردووە".

لە بەرامبەردا بەرپرسانی پارێزگای دیوانییە جەخت لەوەدەکەنەوە، حکوومەت چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە پارێزگاکە جێبەجێکردووە، بەشێکیشیان دراونەتە کەرتی تایبەت.

عەلی فەرحان، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەر‌هێنان لە پارێزگای دیوانییە بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "دەستەی وەبەرهێنان چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە پارێزگای دیوانییە ئەنجامداوە، بە تایبەتی لە بواری دروستکردنی شوێنی کات بەسەربردن، بە شێکیان تەواوکراون و بەشێکیشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان، وەکو پڕۆژەی ڕەواش، گوندی کەریم و شاری ئەفسوونای، ئەمە جگە لەوەی چەندین پڕۆژە بە کەرتی تایبەت دراون بۆ ئەوەی بە زووترین کات جێبەجێبکرێن".

وێڕای ئەوەی ساڵانە بوجەیەکی زۆر بۆ پارێزگاکە تەرخان دەکرێت، کەچی دیوانییە یەکێکە لە بێ خزمەترین شارەکانی عێراق و خراپترین ژێرخانیشی لەنێو پارێزگاکاندا هەیە.

دیوانییە یەکێکە لە پارێزگاکانی فوڕاتی ناوەڕاست و ڕووباری فوڕاتی پێدا تێپەڕدەبێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەبێت و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی بابل، نەجەف، واست، زیقار و مووسەننا.