ئەرجەنتین: ئێران ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیلە لە بۆینس ئایرس

K24 - هەولێر
دادگای ئەرجەنتین ئێران بە دەوڵەتێکی تیرۆریست دەناسێنێت و بە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش لە بۆینس ئایرس لە 1992 تۆمەتباری دەکات.
دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس و ناوەندێکی جوو لە ئەرجەنتین؛ دادگای ئەو وڵاتە ئێران بە دەوڵەتێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی لەسەر داوای تاران هێرشەکان ئەنجامدراون.
دادگای ئەرجەنتین ئاماژەی بەوەش دا، حزبوڵڵا لەسەر داوای ئێران هێرشی سەر ناوەندی کۆمەڵەی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەرجەنتینی لە ئەرجەنتین ئەنجام داوە.
لە 1992 لە هێرشێکدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس 29 کەس کوژران، دوو ساڵ دواتر و لە 1994 بارهەڵگرێکی بۆمبرێژکراو لە ناوەندی کۆمەڵەی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەرجەنتینی خۆی تەقاندەوە، بەهۆیەوە 85 کەس کوژران و 300ی دیکەش برینداربوون.