باسم عه‌وادی بۆ كوردستان24: ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ و هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت

باسم عه‌وادی
باسم عه‌وادی

K24 - هەولێر:

باسم عه‌وادی گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی ده‌كه‌ین.

عه‌وادی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ و هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت.

گوتیشی: " لایه‌نی ئه‌منیی كۆنتڕۆڵی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا كردووه‌ و ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین

ده‌شڵێت، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دۆسیه‌یه‌كی گرنگه‌.

گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق باسی له‌وه‌شكرد، عێراق و ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لیژنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ن‌ و به‌ ئه‌نجامیشی پابه‌ندن.

ئاشكراشیكرد، سوودانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت.

رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ 2024، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ر له‌ به‌ڕێكه‌وتنی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند،‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی جۆ بایدن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی‌ واشنتن ده‌كات و له‌ كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ بایدن كۆده‌بێته‌وه‌ و تاووتوێی په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن.

سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە 13 تا 19ی ئەم مانگە لە ئەمریكا دەبێت.

جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمه‌ریكا، لەگەڵ هه‌ریه‌ك له‌ جەیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوە، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و برێت مەكگۆرك هەماهەنگیكاری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئامۆس هۆكستین گەورە راویژكاری سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ وزە و وەبەرهێنان، بریكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، وەزیری ناوخۆی ئەمه‌ریكا كۆدەبێتەوە.

هەریەك لە وەزیری نەوتی عێراق و سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و تریفە عەزیز نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن لە كۆبوونەوەكاندا بەشدارن.