ئەمڕۆ هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە دەستیپێکرد

هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە لە هەرێمی کوردستان
هەڵمەتی کوتان دژی سورێژە لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە دەستپێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سوڕێژە بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی سوڕێژەی تێکەڵاو دەست پێدەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سوڕێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەچوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و نەوەکانی ئایندە، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لەزیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی ڕۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو."

ڕاشیگەیاند، ئەم هەڵمەتە ماوەی 10 ڕۆژی کارکردن دەخایەنێت لە باچخەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان لە ڕێگەی سێ هەزار و 280 كارمەند، نزیکەی873,191 منداڵ بە ئامانج دەگرێت.

ڕۆژی دەسپێكردن: سێشەممە  16 / 4 / 2024 شوێن: باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان. تەمەنی منداڵ: منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی سەرەتایی. ژمارەی منداڵانی: 873,191 منداڵ. ژمارەی سەردان: 10,916 سەردان. قوتابخانەكان: 3,981 قوتابخانە. ژمارەی كارمەندان: 3,280 كارمەند. سەرپەرشتاران: 1,100سەرپەرشتار، ژمارەی تیمەكان: 1,094 تیم. ناوەندی سەرپەرشتی: 27 ناوەند. گواستنەوەی تیم: 1,500 ئۆتۆمبیل.

لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هەڵمەتە هەڵمەتێکی نیشتمانییە، پەیوەستە بە تەندروستی گشتیی و ئایندەی نەوەی داهاتوو، لە سنووری هەولێر هەڵمەتەکە قوتابیانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی تاکو شەشی بنەڕەتی بەڕێوە دەچێت، بە کۆی گشتی 292 هەزار و 500قوتابی لەخۆ دەگرێت و سوود مەند دەبن

سوپاسی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سنووری هەولێر دەکەین کە بە هەماهەنگی ئەو هەڵمەتە دەکرێ لە پێناو سەرکەوتنی هەڵمەتەکە.

داوا لە دایک و باوکانیش دەکەین هانی منداڵەکانیان بدەن و ئامادەبن لە کوتانی منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان. ئەو هەڵمەتەش ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە ڕادەگەیەنین کە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵمەتەکە کوتان، هەڵمەتێکی گشتگیرە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

بەگوتەی ئەو، "هەڵمەتەکە 16ـی نیسان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جگە لە ڕۆژانی پشوو."

ئەو گوتیشی: "ئەو هەڵمەتە بە قۆناغ دانراوە ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لە قوتابخانەکانن، واتە لە یەکی بنەڕەتی تاکو شەشی بنەڕەتی، یانی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە تاکو 12 ساڵی هەڵمەتەکە دەیان گرێتەوە."

دلۆڤان محەممەد ئەوەیشی خستە ڕوو، "ئەو پاکتاوکردنەی کە کردوومانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە 114 هەزار قوتابی دەگرێتەوە لە سنووری هەولێر، لەگەڵ 326 قوتابخانەی حکوومەتی و ناحکوومەتی، هەروەها لەگەڵ 157 تیمی کوتان."

ئەو بەڕێوەبەرە ڕایگەیاند، داواش لەو دایک و باوکانە دەکەین لە کاتی کوتانی منداڵەکانیان، خۆیان لە قوبخانەکان ئامادەبن  بۆ ئەوەی هانی منداڵەکانین بدەن نەترسن و ئەگەر نا بەڕێوەبەر و مامۆستایان ڕۆڵی دایک و باوکان دەبینین، بەڵام باشتر وایە دایک و باوکان خۆیان ئامادەبن.

هەڵمەتی کوتان، ساڵانە، دژی سورێژە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی تەندروستی ئەو هەڵمەتەی ڕاگەیاندووە، کە لە هەزار و 94 تیمی تەندروستی  و لە سێ هەزار و 280 کارمەند و هەزار و 100 سەرپەرشتیار پێکهاتووە، 10 هەزار و 916 سەردان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە و باخچەی ساوایان دەگرێتەوە و هەزار و 100 ئۆتۆمبێلیش ئامادەکراون بۆ گواستنەوەی تیمەکان.