سێنتکۆم: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان تێکشکاندووە

K24 - هەولێر
هێزەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر بە گرووپی ئەنسارڵڵای حوسییەکانی یەمەن تێکشکاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوچە کۆنتڕۆڵەکانی ئەو گرووپە لە یەمەن پێکدادان ڕوویداوە.
لە بەیاننامەیەکدا سێنتکۆم لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە تێکشکانی دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی یەمەن.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کەشتی ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان یا کەشتییە بازرگانییەکان سەلامەتن و هیچ ڕاپۆرتێک نەکراوە لەوبارەیەوە.".
ڕاشیگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نوێنەرایەتی هەڕەشە دەکەن بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا ئێمەش ئەو ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی گیانی کەشتیوانان و ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەگرینەبەر.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بزووتنەوەی "ئەنسارڵڵا"ـی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن درێژەی بە هێرشەکانی خۆی داوە و "کەشتییە ئیسرائیلییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەو ئەو وڵاتە دەڕۆن" دەکاتە ئامانج، بە مەبەستی "پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین لە غەززە، لای خۆیەوە "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێکهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی حوسییەکان."
فڕۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا چەندین هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن دەستپێکردووە، لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا بە جیا لە هەر هاوپەیمانێتی دەریایی لە ناوچەکە ئەرکەکان ئەنجام دەدات.
گروپی حوسی "ئەنساروڵڵا" پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە، 86 کەشتییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە، جەختیشی کردەوە کە هێشتا سوپرایزی سەربازی زۆریان هەیە بۆ بەرگریکردن لە یەمەن و پشتیوانیکردن لە فەڵەستین.