تەرمی سێیەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە

K24 - هەولێر
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک توانییان تەرمی سێیەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای مانگێک لە پرۆسەی گەڕان، تیمەکانیان توانییان لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ تەرمی ئەو گەنجە ئێزدییە بدۆزنەوە کە لە ڕۆژی 19-03-2024، لە سنووری ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل لافاو بردبووی.
گەنجەکە تەمەنی 15 ساڵە و ناوی "ڕۆژڤان ئیدریس"ـە. بە گوتەی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە، 07-04-2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک توانییان تەرمی دووەم خنکاوی لافاوەکەی دهۆک لە گەڕەکی شندۆخا بدۆزنەوە.
پێشتریش و لە ڕۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە هاوکاری نزیکەی 600 هاووڵاتیی دهۆک و دەوروبەری توانییان تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی، لافاو بردنی، لە بەنداوی مووسڵ بدۆزنەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو سێ هاووڵاتی لەگەڵ خۆی (دوو لە سەنتەری شار و یەکێکیان لە دەوروبەر) برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێ گەیشت.