کۆرمۆر؛ شادەماری غاز و سەرچاوەی سەرەکیی وزەی کارەبای هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە هەشت جار هێرشی کراوەتەوە سەر، ئەمەش بە گوتەی بەرپرسان و شارەزایانی وزە و ئابووری، ئامانج لە هێرشەکان لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.
دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".
لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش رێژەی 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غازی شل، کە بوتڵی غازی ماڵان ئامادە دەکەن.
بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز، کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕووبەرەکەی دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، ئابووریی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی لە دابینکردنی وزە، هەر لە بەرهەمهێنانی غازی شل و دواتریش وزەی کارەبا. بەشێوەیەک کێلگەی غازی کۆرمۆر، توانای دابینکردنی غازی بۆ بەرهەمهێنانی چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبای هەیە، کە دوو هەزار و 800 مێگاوات کارەبای بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و ئەوە دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوایە.
لە ساڵی 2008، یەکەم قۆناغی پێشخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر تەواوبوو کە دامەزراندنی بۆری گواستنەوەی غازی سرووشتی بە درێژایی 180 کیلۆمەتر بۆ بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات کارەبا، لەخۆگرتبوو. کارکردنیش بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە بەردەوام بوو، بەشێوەیەک لە ساڵی 2018، ڕێژەی بەرهەمهێنانی غاز 305 ملیۆن پێ سێجا بووە و لە کۆتایی ساڵی 2022، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز گەیشتە 500 ملیۆن پێ سێجا.
هێرش و پەلامارەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چەند جارێک دووبارە بووەتەوە، لە (25ـی حوزەیرانی 2022) بە مووشەک هێرشی کرایەسەر، هەروەها لە (12ی تشرینی یەکەم تاوەکو 25ـی تەمموزی 2022) سێ جار بە مووشەکی کاتیۆشا ڕووبەڕووی هێرش بووەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2023ـشدا، بۆمبێکی چێندراو لە نزیک کێڵگەی غازی کۆرمۆر تەقییەوە، لە (30ـی ئابی 2023) بە چەند مووشەکێک هێرش کرایەوە سەر کێڵگەکە.
لە ساڵی 2024ـیشدا تاوەکو ئێستا دوو هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هێرشی یەکەمیان لە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێگەی بۆردومانی مووشەکییەوە بوو، (26ـی نیسانی 2024) لە رێگەی درۆنەوە پەلاماری کێڵگەکە دراوەیە و هەردوو جارەکەش بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
سەرچاوە سەربازیی و ئەمنییەکان جەخت دەکەنەوە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە نێوخۆی عێراقەوە بۆردومان کراوە و ئاماژە بەوە دەکەن، سوود لە بۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق وەرگرتووە، بەتایبەتی ناوچەی پشتێنەی ئەمنی هەردوو پارێزگای سەڵاحەددین بۆ دیالە. هاوکات ئەوەشیان ڕوونکردووەتەوە، کە ئەو درۆنەی 26ـی ئەم مانگە کێڵگەی غازی کۆرمۆری بۆردومانکرد، لە باشووری کێڵگەکەوە هاوێژراوە، واتە ئەو ناوچەیەی بە بۆشایی ئەمنی دادەنرێت.
پێشتریش د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری وزە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەواوکاری هێرشە مووشەکییەکانی دیکەیە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووریی کوردستان کە ئامانجیان: "ڕووخاندن و زیانگەیاندنە بە ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بنکەیەکی ئابووریی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە و لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، پەرەی زیاتر بەم کێڵگەیە بدات و بری بەرهەمهێنانی غاز زیاتر بکات، بۆ ئەوەی جۆری غاز و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا باشتر بکات.