سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلە لە قەزای چۆمان کرایەوە

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان، سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلەمان کردەوە. کە بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەکە گرنگییەکی زۆری هەیە.
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی گرنگیی دەڤەری باڵەکایەتی لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-4-2024، لە قەزای چۆمان لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان، سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلەمان کردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلە، لە پێنج تەخت پێک هاتووە واتە پێنج ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە بەردەستە، کە ئەو نەخۆشانەی لە چۆمانن دەبوایە هەفتانە سێ بۆ چوار جار، بە ناچاریی سەردانی سۆرانیان بکردایە، ئەمەش دووریی ڕێگاکە و خەرجی هاتووچۆی زۆر بوو بۆ هاووڵاتیان.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران گوتیشی: ئێستە زیاتر لە نۆ نەخۆشمان لەو سەنتەرەدا هەیە، ڕێژەکەش کەم و زیاد دەبێت، هەروەها ئەو ئامێرانەی ئێستا دابینمان کردووە باشترین ئامێری شوشتنەوەی گورچیلەن، هەر ئامێرێک زیاتر لە 20 هەزار دۆلار تێچووەکەیەتی و هەر شوشتنێکی گورچیلەی نەخۆش 37 دۆلار لەسەر حکوومەت دەکەوێت.
دەشڵێت: هەرنەخۆشێک لەدەرەوەی نەخۆشخانە حکوومیەکان یەکجار گورچیلەی بشوات تێچووەکەی 200 تا 300 دۆلارە، کە ئەمەش خەرجیەکی زۆر بۆ نەخۆشەکان دەگێڕێتەوە.