فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ستراتیجیی تاران لە کەنداو و گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، عەلی ڕەزا تەنگسیری، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری گەرووی هورمز دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگی ناوچەی نەوتی کردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ـی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی کەنداوی "فارس"، تەنگسیری گوتی: "کەنداو لە ڕووی ئابوورییەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە، کە 40%ـی گاز و 62%ـی نەوتی ناوچەکە لەخۆدەگرێت، دەشڵێت لە ڕووی ئەمنییەوە ئەم ناوچەیە زۆر گرنگە و چەندین جار پەیامی ئاشتیمان ناردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەین ئاسایشی گەرووی هورمز بپارێزین و ڕۆژانە 83 کەشتی هاتووچۆی تێدا دەکات و بەم گەروە تێدەپەڕن، ستراتیجی ئەمڕۆمان لە کەنداو ئاشتی و ئاسایش و برایەتی و دۆستایەتییە. بیانییەکان ئاسایشی گەرووی هورمز تێکدەدەن.
فەرماندەکەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، "ئەم ناوچەیە بۆ ئێمە و دراوسێکانمان ناوچەیەکی ستراتیجی و ئابووری گرنگە، هەروەها "بیانییەکان بەدوای دوو ئامانجی خراپن، ئەوانیش لە ڕێگەی بوونی نایاسایی خۆیان لە ناوچەکە و فرۆشتنی چەک لە کەنداو" ئەوان پێویستیان بە دوژمنایەتی هەیە، لە کاتێکدا ئێمە بەدوای ئاسایشدا دەگەڕێین.
تەنگسیری باسی لەوەشکرد: پەیامی ئاشتی و دۆستایەتی و برایەتیمان ناردووە بۆ وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەکە و جەختمان لە سسودی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردووەتەوە.
10ـی ئایار ساڵڕۆژی کۆتایی هاتنی داگیرکاریی 117 ساڵەی پورتوگالیەکانە لە کەنداوی فارس.