بەریتانیا: گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە بەرامبەر ئەو زیندانییانەی بە تاوانی تیرۆر دەستگیر كراون

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانتا: توندڕۆكان زیندانەكانیان كردووەتە شوێنی بانگخوازی

لەبەر مەترسیی كاریگەریی نەرێنیان لەسەر زیندانییەكانی دیكە، وەزارەتی دادی بەریتانیا بە نیازە رێوشوێنی توند لە دژی ئەو زیندانیانە بگرێتەبەر، كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون.

بە گوێرەی زانیاریی میدیاكانی بەریتانیا، بە مەبەستی رێگرتن لە تەشەنەكردنی بیری توندڕۆیی لەناو زیندانەكاندا، ئەلیزابێس تراس، وەزیری دادی ئەو وڵاتە لە رۆژانی داھاتوودا بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە زیندانەكان رابگەیەنێت. دوورخستنەوە و دابڕینی ئەو زیندانیانەی بە تۆمەتی (تیرۆر) گیراون لە زیندانییەكانی دیكە، كە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر كراون، لە تەواوی زیندانەكانی بەریتانیا و دانانیان لە یەكەی تایبەتدا، بەشێكی ئەو رێوشێنانەیە.

لەم بارەیەوە وەزیری داد ئاماژەی بەوە كردووە، گرتنەبەری ئەو ھەنگاوانە بە دەنگەوەچوونی داواكاریی حكوومەتی بەریتانییە لە پەیوەست بە رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی ئیسلامییەكان.

تراس جەخت لەوە دەكاتەوە، گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە " زۆر پێویستن، چونكە دەركەوتنی توندرۆیی ئیسلامی مەترسی بۆسەر كۆمەڵگەكەمان دروست دەكات" و پابەندبوونی خۆیشی راگەیاند بە رووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی " ئەو ئایدیۆلۆژیایەی خەریكە لە پشت شیشەی زیندانەكاندا تەشەنە دەكات" و پێیوایە، رێگریكردن لە كەسە توندڕۆ و مەترسیدارەكان لە بڵاوكردنەوەی فیكرە توندڕۆیەكەیان، كارێكی پێویستە بۆ ئاسایشی زیندانەكان و ئەركێكی بونیادیی گرنگیشە بۆ پاراستنی كۆمەڵگە.

ئیان ئاشیسۆن، بەڕێوەبەری یەكێك لە زیندانەكان و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی ناوخۆ، كە سەرپەرشتی ئامادەكردنی راپۆرتی چالاكیی توندڕۆكان دەكات لەناو زیندانەكانی بەریتانیا، رایگەیاند " ئیسلامییە توندڕۆكانی ناو زیندانەكانی ئینگلتەرا و وێڵز، زۆر ترسناكن و پێویستە بە تەواوی لە زیندانییەكانی دیكە دوور بخرێنەوە، چونكە لە ناو نزیكەی 12 ھەزار و 500 زیندانیی موسڵمان، چالاكیی بانگخوازی دەكەن.