ئەعرەجی: هەر ئاوارەیەکی کەمپی هۆل تاوانبار بێت لە سزا ڕزگاری نابێت

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 – هەولێر

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق دەڵێ: تاوەکوو ئیستا 8881 ئاوارەی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریا گەڕێندراونەتەوە و لە کەمپی جەدعە نیشتەجێ کراون. جەختیش دەکاتەوە هەر ئاوارەیەک کەیسی تاوانی لە سەر بێت، لە یاسا و سزا ڕزگاری نابێت.

ئەرشەد ئەلسەلحی، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ قاسم ئەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانی عێراق کۆونەتەوە و باسیان لە بارودۆخی ئاوارە عێراقییەکانی کەمپی هۆلی سووریا کردووە لەگەڵ ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەیان بۆ کەمپی جەدعەی سنووری پارێزگای نەینەوا بە مەبەستی شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگەی عێراقی.

ساڵحی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەیداوە بەوەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانی جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل بە چەندین ڕیکار و وردبینی ئەمنیدا تێدەپەڕێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کەسانی داواکراو نین لەلایەن یاساوە.

جەختیشی کردووەتەوە، کەسانی تاوانبارو داواکراو لە یاسا و سزا ڕزگاریان نابێت، بەڵام ئەو ئاوارانەی هیچ تۆمەت و تاوانێکیان لەسەر نییە بە ئاسانی تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکرێنەوە.

ئەعرەجی ئاماژەشیداوە تاوەکوو ئێستا 2268 خێزانی ئاوارەی عێراقی کە ژمارەیان 8881 کەسە لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە عێراق و لە کەمپی جەدعە نیشتەجێ کراون.

قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، لە سەرەتای تەمموزی ساڵی ڕابردوو لە دیدارێكیدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جەختی لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق و داخستنی کەمپی هۆل کردەوە بەو پێیەی کە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان هەیە.

کەمپی هۆڵ دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و بەشێکی زۆر لەو ژن و منداڵانەی لەناو کەمپەکەدان خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوان.

Fly Erbil Advertisment